بازاڕی ئۆتۆمبێل لە کوردستاندا بەرەو کوێ؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 17663‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ

کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە جۆراوجۆرەکان لە کوردستاندا ئێستا وەک هەموو پیشەیەک و چالاکییەکی بازرگانی لەبەردەم دۆخێکی نادیاردایە.

دیمەنەکان دژبەیەکن، بارهەڵگرە گەورەکان بەردەوام ئۆتۆمبێل لەدەرەوەی سنور دەهێنن و شەقامەکان جمەیان دێت، کەچی بازاڕی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل چۆڵ و بێ کڕیارن"، ئەمە قسەی ئەفسەرێکی هاتوچۆ بوو کە چەندین ساڵە لەبواری مۆڵەت و تازەکردنەوەی پێداویستییەکانی شۆفێری کاردەکات.

کە دەچیتە پێشانگای علوجەکان لە سلێمانی چەندین خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێل دەبینین بێ ئیش و کار دانیشتوون و بەگومانەوە چاوەڕێی دەروویەکی باشتر دەکەن.

"ئێستا دوو جۆر ئۆتۆمبێل بەردەوام دەهێنرێن بۆ شارەکانی کوردستان، بەڵام ئەو هاوردەکردنە بەبێ بەرنامەو لە روانگەی پێداویستی بازاڕەوە نییە"، خاوەن پێشانگایەک وای وت.

سێ چوار کەس پێکەوە بڕێک پارە دابین دەکەن و لەبەر نەبوونی کاری دیکە دەچن ئۆتۆمبێل دەهێنن کە ساغکردنەوەیان لە بازاڕدا زەحمەتە.

جۆرێکیان ئۆتۆمبێلە دەعمکراوە ئەمریکیدەکانن، ئەمانە بە رێگای رەسمی و یاسایی دەهێنرێنك پاش ئەوەی لە دوبەی چاکدەکرێنەوە.

جۆرێکی دیکەشیان ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەترن وەک جاری جاران هاوردە دەکرێت و پەیوەست نییە بە داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵکیەوە.

سەبارەت بەوەی بۆچی سەرەڕای ئەوەی بێ بازاڕییەکە چەندین ساڵە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کەچی ژمارەی خاوەن پێشانگاکان وەکو خۆیەتی؟، ئەفسەرەکەی هاتووچۆ وتی: "لەبەر ئەوەی بەڕێوەبردنی پێشانگای ئۆتۆمبێل شارەزایی ناوێت و کارێکی ئاسانە، لەبەرامبەردا دەرفەتی کاروبارە بازرگانییەکانی دیکە کەمبوونەتەوە، بە تایبەت ئێستا کە هەرێمی کوردستان و عێراق لەرووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە زۆر سەقامگیر نین".

مەترسییەکانی هێرش بۆ سەر ئێران، کێشمە کێشمی نێوان حیزبەکان، نادڵنیایی لە مسۆگەربوونی مووچە و چەندین هۆکاری دیکە ترسیان لای خەڵک دروستکردووەو داخوازی لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل بە شێوەی بەرچاو کەمبووەتەوە.

خاڵێکی دیکە زیادکردنی گومرگی سەر هەندێک جۆری ئۆتۆمبێلە کە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی و کەمبوونەوەی کڕیار.

چاوەڕێی چی لە بازاڕی ئۆتۆمبێل دەکرێت؟

زۆربەی خاوەن پێشانگاکان دەڵێن: "تەنیا لە سلێمانی بەوشێوەیە نییە، بگرە لە هەولێر خراپترە، بەهەر پێوەرێک لێکی بدەیتەوە پێناچێت بەمزوانە دۆخەکە باش بێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure