چەند سه‌ركردەیەکی یه‌كێتی به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەکەن

هەواڵ / کوردستان :: 09/06/2019‌ :: 5859‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

سێ سه‌ركرده‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریانداوە به‌شداری مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی سبه‌ی دووشه‌ممه‌ی نێچیرڤان بارزانی بكه‌ن و تاوه‌كو ئێستاش بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی به‌شداری نه‌كردنه‌.


سبه‌ی دووشه‌ممه‌، 10ی حوزه‌یرانی 2019، له‌ هۆڵی سه‌عد عەبدوڵڵا له‌شاری هه‌ولێر، مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تاوه‌كو ئێستاش ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی هیچ بڕیارێكیان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، له‌ مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنه‌كه‌ی سبه‌ی دووشه‌ممه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ بانگهێشتكراون، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستاش بڕیاریانداوه‌ به‌شداری بكه‌ن، بریتین له‌ به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق، قوباد تاڵه‌بانی و وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی ئێستای حكومه‌ت، بافڵ تاڵه‌بانی وه‌كو ماڵی مام جه‌لال.

وابڕیاریشه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی حوزه‌یران، مەكتەبی سیاسی یه‌كێتی دوور له‌ چاوی میدیاكان پرسی بەشداریكردنی یەكێتیی لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و بەشداری یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت تاوتوێ بكات.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure