ئاگر زیانی زیاتر لە 30 ملیار دیناری بەجوتیارانی كەركوك گەیاندووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/06/2019‌ :: 847‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

كەوتنەوەی ئاگر لەبەشێكی زەوییە كشتوكاڵییەكانی چێندراو بەگەنم لەسنوری پارێزگای كەركوك زیانێكی زۆر بەجوتیاران دەگەیەنێت بەتایبەت جوتیارانی كورد، بەو پێیەی زۆربەی رووداوەكان لەناوچە كوردنشینەكان بووە.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەكان نزیكەی 7 هەزار دۆنم زەوی چێندراو بەگەنم لەكەركوك سوتاوە كە زیانەكانی بە زیاتر لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار دەخەمڵیندرێت.
زۆرترین رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە پاشور و رۆژئاوای پارێزگای كەركوك كەوتووەتەوە، كە پانتاییەكی زۆر زەوی كشتوكاڵی لەخۆدەگرن و زۆرترین گەنمی لێ بەرهەمدەهێنرێت.

 

بەپێی ئامارێكی فەرمی كشتوكاڵی كەركوك، بۆ ئەمساڵ یەك ملیۆن و دە هەزار دۆنم زەوی لەپارێزگاكە چێندراوە بەگەنم، ئەویش یەكەم جارە ئەو پانتاییە زۆرەی زەوی بكێڵدرێت لەدوای ساڵی 2014وە كە چەكدارانی داعش دەستیانگرت بەسەر قەزای حەویجەو ناحیەكانی دەورووبەریدا.

 

لەقەزای داقوق كە زۆرترین زیانی مادی بەر جوتیارانی هەردوو ناوچەی حەفتەغار و كاكەیی كەوتووە، زیانی گیانیشی لێكەوتووەتەوە بەهۆی دانانی بۆمب و تەقەی هەڕەمەكی چەكدارە نەناسراوەكان بۆ رێگری لەجوتیاران لەبەهاناوەچوونی زەوییەكانیان.

 

شێخ بەرزان سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجومەنی قەزای داقوق بەدواڕۆژی وت: "تەواوی ناوچەكانی كاكەیی و حەفتەغار سوتاون و بەرهەمی گەنمیان بۆ نەماوەتەوە كە زیانە مادییەكانی ناژمێردرێن".

 

وتیشی: "ئەمەی روودەدات دەستی لەپشتەوەیە بۆ چۆڵپێكردنی گوندەكان لەكورد و راگواستنیانە بەشێوەیەكی تر، لەئێستاشەوە جوتیارێكی زۆر خانوو و زەوییەكانیان ئامادەكردووە بۆ فرۆشتن و ناوچەكە بەجێدەهێڵن".

 

بەوتەی ئەو بەرپرسە ئیدارییەی قەزای داقوق، لەماوەی ئەم مانگەدا بەهۆی هەوڵدان بۆ كوژانەوەی دەغڵ و دانی جوتیاران 2 كەس كوژراون و 8 كەسی دیكەش برینداربوون كە بەشێكیان كارمەندی بنكەی پۆلیسی داقوقن و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێ چێندراو پێیاندا بوونەتە قوربانی.

 

رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە تەواوی سنوری پارێزگای كەركوكی گرتووەتەوە، قەزای حەویجە و ناحیەی ریاز و عەباسی و رەشاد دۆخیان لەناوچە كوردییەكان باشتر نییە، جوتیارەكان شەونخونی دەكەن بەدیار زەوییەكانیانەوە بەتایبەت كە هەڕەشەی داعش لەو سنورە زیاترە.

 

ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە بەدواڕۆژی وت: "رۆژ نییە ئاگر لەزەوییە كشتوكاڵییەكانی سنوری حەویجە نەكەوێتەوە، زیانەكان زۆر و كاریگەرن بەتایبەت كە گوندنشینانی قەزاكە پشتیان بەبەرهەمەكانیان بەستووە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان".

 

دواڕۆژ ئامارێكی وردی لەبارەی پانتایی زەوییە سوتاوەكانەوە بەدەستكەوتووە كە چێندرابوون بەگەنم، بەپێی ئامارەكەی كشتوكاڵی كەركوك زەوییە سوتاوەكان بەو شێوەیە دابەشكراون: لە حەویجە 700 دۆنم، داقوق دوو هەزار و 430 دۆنم، سەرگەڕان 600 دۆنم، ناحیەی ریاز 1 هەزار و 100 دۆنم، دوبز 630 دۆنم، یایچی 250 دۆنم، تازەخورماتوو 420 دۆنم، لەیلان 220 دۆنم، قەرەهەنجیر 650 دۆنم زەوی چێندراو بەگەنم سوتاوە.

 

زوهێر عەباس بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك بەدواڕۆژی راگەیاند: تاوەكو ئێستا نزیكەی 7 هەزار دۆنم زەوی لەسنوری پارێزگای كەركوك سوتاوە لەكۆی 1 ملیۆن و دە هەزار دۆنم زەوی كە دەكاتە 1%ی بەرهەمی گەنمی كەركوك.

وتیشی: "تاوەكو ئێستا 20%ی بەرهەمی گەنمی جوتیاران رادەستی سایلۆكان كراون، 35 %ی بەرهەمەكانیش دروێنەكراون، چاوەڕێدەكرێت لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا رێژەی دروێنەی بەرهەمی گەنم بگاتە نزیكەی 70%.

سەبارەت بەهۆكاری سوتاندنی زەوییە كشتوكاڵییەكان، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك رایگەیاند: هۆكارەكان زۆرن، بەشێكی رووداوەكان لەلایەن چەكدارانی گروپە توندڕەوەكانەوە ئەنجامدەدرێت، بەشێكیشی بەهۆی ناكۆكییەكانەوە ئاگریان تێبەردەدرێت و ژمارەیەك لەرووداوەكانیش بەهۆی هۆكاری سروشتییەوەیە و هیچ دەستێكی لەپشتەوە نییە.

كەركوك لەڕیزبەندی سێیەمی پارێزگاكانی عێراقە بۆ سوتاندنی بەرهەمی گەنم لەدوای پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین، بەپێی ئامارێكی فەرمی بەرگری شارستانی عێراق لەماوەی مانگێكدا كە لە 8ی ئایارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 6ی حوزەیران 49 رووداوی ئاگر كەوتنەوە لەو زەوییانە كەوتوونەتەوە كە گەنمە و لەو ماوەیەشدا نزیكەی 5هەزار دۆنم زەوی چێندراو بەگەنم سوتاوە.

 

قەیس عەبدولرەزاق وتەبێژی بەرگری شارستانی كەركوك بەدواڕۆژی راگەیاند "لەماوەی مانگی رابوردوودا زیاتر لە 400 رووداوی ئاگر كەوتنەوە لەناوچە جیاوازەكان كەوتونەتەوە، بەڵام تەنها 49 رووداویان زیانی بەزەوی چێندراو بەگەنم گەیاندووە".

 

وتیشی: "تیمەكانی ئاگركوژێنەوە تاوەكو كۆتایی وەرزی دروێنە لەئامادەباشیدا دەبن و رۆژانەش بەهانای جوتیارانەوە دەچن، لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەشدا توانیویانە نزیكەی 50 هەزار دۆنم زەوی لەسوتاندن رزگار بكەن".

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure