گەشتیار یەك ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری هێناوەتە سۆران

هەواڵ / ئابوری :: 11/06/2019‌ :: 864‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 


لە ماوەی چەند رۆژی رابوردوودا نزیكەی 40 هەزار گەشتیار سەردانی هاوینە هەوارەكانی دەڤەری سۆرانیان كردووەو لەو ڕێژەیەش 85% یان خەڵكی باشورو ناوەڕاستی عێراق بوون و 1 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاریشیان خەرجكردووە.

بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بەدواڕۆژی راگەیاند: لەماوەی چوار ڕۆژی پشووی جەژنی رەمەزان نزیكەی 40 هەزار گەشتیار سەردانی هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەكانی سنوری دەڤەری سۆرانیان كردووەو پشوو دوای پشوو هاتنی ڕێژەی گەشتیاران زیاتر دەبێت و بەراورد بە جەژنی رەمەزانی ساڵی ڕابردوو، جەژنی ئەمساڵ زیادیكردووە. 

ئاماژەی بەوەشدا، 85%ی ئەو گەشتیارانەی ڕوویانكردبووە سۆران، لە باشورو ناوەڕاستی عێراقەوە هاتبوون، زۆرینەشیان لەڕێگەی كۆمپانیاكانی كەرتی گەشتیاری بەشێوەی گروپاتی گەشتیارییەوە هاتبوون. 

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران باسی لەوەشكرد، هاتنی ئەو هەموو گەشتیارە سوودێكی زۆری ئابوری بە ناوچەكە گەیاندووەو بۆتەهۆی بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری دەڤەری سۆران. 

وتیشی: "پێمانوایە هەر گەشتیارێكیش لە 40 دۆلار كەمتری خەرج نەكردووە بەو پێیەش بێت، 1,600,000 یەك ملیۆن و 600 هەزار دۆلار، لەناوچەكە خەرجكراوە". 

بەپێی تۆمارە رەسمییەكان، %80ی ناوچە گەشتیارییەكانی سنوری پارێزگای هەولێر كەوتوونەتە دەڤەری سۆران بەجۆرێك هەندێك لەو هاوینەهەوارو ناوچە گەشتیارییانە بەناوبانگترینی هاوینەهەوارو ناوچە گەشتیارییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانن.

گرنگترین هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران بریتین لە هاوینەهەواری بێخاڵ، جندیان، گەلی عەلی بەگ، كانی ماران، گەلی فەقیان، پڕژێ، بێرمە سارد، قەیماسان، لەگەڵ ناوچەی گەشتیاری شنگڵبانە و چیایی كۆڕەكی گەشتیاریی كەرتی تایبەت و  بوونی دەیان ناوچەی دیكەی خۆڕسك و سروشتی گەشتیاریی لە قەزاكانی سۆران، چۆمان، ڕواندزو مێرگەسۆر. 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە