نوێترین زانیاری له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی وه‌فدی یه‌كێتی و پارتی

هەواڵ / کوردستان :: 08/06/2019‌ :: 5589‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ وه‌فدی باڵای یه‌كێتی كه‌ ئێستا له‌ هه‌ولێره‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی كۆببێته‌وه‌، كۆنابنه‌وه‌و دواخراوه‌ بۆ كاتێكی تر.


سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، تایبه‌ت بۆ دواڕۆژ وتی: "بڕیاربوو سبه‌ینێ وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ پێكدێن له‌ (كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی و بافڵ تاڵه‌بانی و ئه‌رسه‌لان بایز) و ئێستا له‌ هه‌ولێرن له‌گه‌ڵ وه‌فدێکی حیزبماندا به‌ سه‌رۆكایه‌تی کاک نێچیرڤان بارزانی كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخراوه‌و ئەنجام نادرێت".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ دواڕۆژ باسی له‌وه‌شكرد: له‌ ئێستادا کاک نێچیرڤان سه‌رقاڵی ئامادەکاریی مه‌راسیمی سوێندخواردنه‌كه‌یه‌تی كه‌ بڕیاره‌ دوو سبه‌ی دووشه‌ممه‌ له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بچێت و چه‌ندین به‌رپرسی باڵای حكومیی و حیزبیی بانگهێشتكراون، بۆیه‌ تا دواى سوێندخواردنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی یه‌كێتی كۆنابنه‌وه‌".

وه‌فدێكی باڵای یه‌كێتی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێره‌، بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی دانانی پارێزگارى كه‌ركوك كه‌ یه‌كێتی چه‌ند ناوێكی ئاماده‌كردووه‌و ده‌یخاته‌ به‌رده‌م وه‌فدی پارتی و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

ئاماده‌كردنی: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure