نوێترین زانیارى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى خوێندكاران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 634‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانسیتی حكومه‌تی هه‌رێم، جارێكى دیكه‌ داوا له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كات ده‌رماڵه‌ى خوێندكاران بگه‌ڕێنێته‌وه‌.


راھی رەھبەر، ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاى پەرلەمانی کوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌زیرى خوێندنى باڵا پێڕاگه‌یاندوون كه‌ جارێكى دیكه‌ به‌ نووسراوى ره‌سمى داواى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، ده‌رماڵه‌ى خوێندكارانى زانكۆ و په‌یمانگاكان بگه‌رێنێته‌وه‌.

وتیشى: "چاوه‌ڕوانى ره‌زامه‌ندى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كرێت، چونكه‌ ئێستا باردۆخى دارایى هه‌رێم باشتر بووه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌ نزیكترین كاتدا ده‌رماڵه‌ى نزیكه‌ى 133 هه‌زار خوێندكار زانكۆو په‌یمانگاكان بگه‌ڕێننه‌وه‌، كه‌ مانگانه‌ بڕه‌كه‌ى شه‌ش ملیار دیناره‌و ماوه‌ى زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ له‌سه‌رجه‌م خوێندكاران بڕاوه‌.

به‌پێى پڕۆژه‌یه‌كى هاوبه‌شى فراكسیۆنى یه‌كێتى و لێژنه‌ى په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵاى په‌رله‌مانى كوردستان، كار له‌سه‌ر ده‌ركردنى یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ پێدانى ده‌رماڵه‌ى مانگانه‌ به‌ خوێندكاران ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك خوێندكارانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان كه‌ له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌مێننه‌وه‌، مانگانه‌ 100 هه‌زار دینارو ئه‌وانه‌شى له‌ ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان و هاتووچۆ ده‌كه‌ن 15 هه‌زار دینارو خوێندكارانى سه‌نته‌رى شاره‌كانیش 50 هه‌زار دیناریان پێبدرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure