مامۆستایەکی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی لە شوقەیەکەوە دەکەوێتە خوارەوە

هەواڵ / کوردستان :: 08/06/2019‌ :: 1326‌ جار بینراوە
شوقەکانی پاک ستی

دواڕۆژ، هۆگر کەمال


مامۆستایەکی زانکۆی‌ ئەمریکی‌ لەسلێمانی‌، لە نهۆمێکی شوقەیەکەوە دەکەوێتە خوارەوە و تائێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە.

نەقیب سەرکەوت ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە (8ی حوزه‌یرانی 2019)، مامۆستایەکی زانکۆی ئەمریکی لە نهۆمی حەوتەمی شوقەکانی (پاک سیتی) لە سلێمانی کەوتووه‌تە خوارەوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە".

وتیشی: "تیمەکانی پۆلیس و به‌ڵگه‌ی تاوان چوونه‌ته‌ شوێنی رووداوەکە و نه‌خۆشخانه‌ش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ خواره‌وه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌، چونکە تائێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەکەی دیار نییە".

مامۆستاكە بەتەنها لەو شوقەیەدا ژیاوە و بنكەی پۆلیسی سەرچنار و بەڵگەی تاوان لەناو شوێنی مانەوەی مامۆستاكەدا سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی بەڵگەن گەر هەبێت، هاوكات تیمێكی تایبەتی پۆلیسیش لەنەخۆشخانە چاودێری دۆخی ناوبراو دەكەن كە قاچێكی شكاوە و بێهۆشە لەئێستادا، وەك نەقیب سەركەوت باسی كرد.

ئەو مامۆستایە بە رەچەڵەک ژاپۆنییە و ناوی (پیتەر جۆن)ە و تەمەنی 36 ساڵە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکییە و دانیشتووی کالیفۆرنیایە و لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی وانەی ئینگلیزی دەڵێتەوە و لەو شوقەیە نیشتەجێبووە.

سەرجەم مامۆستایان و میوانانی زانكۆی ئەمریكی كە بۆ وانە وتنەوە لەسلێمانی نیشتەجێن، لەتەلارێكدا لە شوقەكانی پاك سیتی نیشتەجێن و بۆیان دابینكراوە لەلایەن زانكۆی ئەمریكییەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure