جیهان به‌ كورتى: هه‌موو رۆژێك یه‌ك ملیۆن كه‌س تووشى هه‌وكردنه‌ سێكسیه‌كان ده‌بن

هەواڵ / جیهان :: 08/06/2019‌ :: 752‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

سپۆتنیك: سه‌رۆكى ڤه‌نزوێلا سنورى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كۆڵۆمبیادا كرده‌وه‌

له‌ 23 ى مانگى شوباتى  رابردووه‌وه‌ سنورى نێوان ڤه‌نزوێلا و كۆڵۆمبیا داخراوه‌ به‌هۆى نائارامیه‌كانى ناوخۆى ڤه‌نزوێلاوه‌ و سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن كردنه‌وه‌ى ئه‌و سنوره‌ نیشانه‌ى چاكبوونى پێگه‌ى مادۆرۆى سه‌رۆكى ڤه‌نزوێلایه‌.

نیویۆرك تایمز: ملیاردێرێك نیو ملیار دۆلار ده‌به‌خشێت بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ى ئاو و هه‌وا
مایكڵ بلۆم بێرگ حاكمى پێشووى نیویۆرك و دۆستى ژینگه‌ رایگه‌یاند ئه‌و پاره‌یه‌ ته‌رخانده‌كرێت بۆ داخستنى كێڵگه‌كانى خه‌ڵوز.
وتیشى: گۆڕینى ئاو و هه‌وا ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كى و ئاڵۆزه‌ سیاسیه‌كانى ئه‌مریكا و جیهان.
 
بی بی سی نیوز: رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى ده‌ڵێت هه‌موو رۆژێك یه‌ك ملیۆن كه‌س تووشى هه‌وكردنه‌ سێكسیه‌كان ده‌بن
ته‌ندروستى جیهانى ده‌ڵێت: ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ى به‌هۆى سێكسه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ هه‌موو رۆژێك یه‌ك ملیۆن كه‌سى تازه‌ تووشده‌كه‌ن واته‌ هه‌موو ساڵێك 376 ملیۆن مرۆڤ تووشى نه‌خۆشیه‌كانى فه‌ره‌نگى و سوزه‌نه‌ك و نه‌خۆشیه‌ سێكسیه‌كانى تر ده‌بن . مایه‌ی سه‌رنجه‌ رۆژ به‌ رۆژ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ زیاتر ده‌بێت كه‌ دژه‌ میكرۆب چاره‌سه‌ریان ناكات.

بی بی سی نیوز: ناسا ئێستگه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى بۆ گه‌شتیارانى بۆشایى ئاسمان ده‌كاته‌وه‌ 
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ ساڵى 2020دا ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و نرخى یه‌ك شه‌و مانه‌وه‌ له‌و ئێستگه‌یه‌ 35 هه‌زار دۆلاره‌.

فایس ئۆرگ: زۆر رووه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌
به‌پێى راپۆرتێكى زانستى تازه‌ نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن جۆر رووه‌ك به‌هۆى چالاكیه‌كانى مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌. راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت: له‌ ده‌یه‌كانى داهاتوودا نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن رووه‌ك به‌ ته‌واوى له‌ناوده‌چن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند جۆره‌ ئاژه‌ڵێكى وه‌ك وورچى جه‌مسه‌ره‌كان و پاندا و چه‌ندین جۆر گیانله‌به‌رى تر.
راپۆرته‌كه‌ داوا له‌ كاربه‌ده‌ستانى وڵاتان ده‌كات رێ له‌و كاره‌ساته‌ سروشتیه‌ بگرن.

بزنس ئین سایده‌ر: گۆى زه‌وى له‌ گه‌رمه‌ى كاره‌ساتێكى سروشتى گه‌وره‌دایه‌ به‌ جۆرێك كه‌ له‌ مێژوودا بێ وێنه‌یه‌
كاره‌ساته‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆى له‌ناوچوونى ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ى كه‌ له‌ ئاویش و له‌ وشكانیشدا ده‌ژین به‌ تایبه‌ت بۆق. لایه‌نى كه‌م دوو هه‌زار جۆر له‌و گیانله‌به‌رانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌.
پسپۆڕان ده‌ڵێن به‌و خێراییه‌ى كه‌ بۆق تیایدا له‌ناوده‌چێت پێشبینى ده‌كرێت له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ئه‌و جۆره‌ گیانله‌به‌رانه‌ نه‌مێنێت.

به‌غداد ئه‌لیه‌وم: وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ى عێراق رایگه‌یاند كه‌ له‌مڕۆوه‌ یه‌كه‌م گه‌شتى ئه‌زموونى به‌ ئۆتۆمبیل بۆ ئه‌رمینیا ده‌ستپێده‌كات.
بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كۆمپانیاى گشتى گواستنه‌وه‌ چه‌ندین ئۆتۆمبیلى نه‌فه‌رهه‌ڵگرى ئاماده‌كردووه‌. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ پڕۆژه‌یه‌كى له‌و جۆره‌ له‌ عێراقدا ئه‌نجام بدرێت.

ره‌ئى ئه‌لیه‌وم: پنتاگۆن هه‌تا 31ى مانگى داهاتوو مۆڵه‌ت ده‌دات به‌ توركیا
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: توركیا هه‌تا 31ى ته‌موزى داهاتوو بۆى هه‌یه‌ پاشگه‌زببێته‌وه‌ له‌ كڕینى مووشه‌كه‌ رووسیه‌كانى جۆرى ئێس 400.
یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا وتى: ئه‌گه‌ر تا ئه‌م واده‌یه‌ توركیا له‌ كڕینى ئه‌و مووشه‌كانه‌ پاشگه‌زنه‌بێته‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ توركانه‌ ده‌رده‌كه‌ین كه‌ ئێستا له‌ ئه‌مریكادا مه‌شق له‌سه‌ر فڕۆكه‌ى جۆرى ئێف 35 ده‌كه‌ن. 

ئه‌لبه‌یان: واشنتۆن سزاى كۆمپانیایه‌كى گه‌وره‌ى پترۆكیمیاوى ئێران ده‌دات
به‌هۆى په‌یوه‌ندییه‌وه‌ به‌ سوپاى پاسدارانى ئێرانه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سزاى قورسى سه‌پاند به‌سه‌ر گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵه‌ى پترۆكیمیاوى ئێران و ده‌یان لقى ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌.
وه‌زیرى دارایی ئه‌مریكا وتى: ئه‌م هه‌نگاوه‌ هۆشیاركردنه‌وه‌یه‌كه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ سزادانى هه‌ر ده‌زگایه‌كدا كه‌ پشتیوانى دارایی بۆ سوپاى پاسدارانى ئێران دابینبكات.

ره‌ئى ئه‌لیه‌وم: هندستان: هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر نه‌وتى ئێران نه‌گۆڕاوه‌ 
راویش كۆمار، قسه‌كه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى هندستان جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێستى هندستان نه‌گۆڕاوه‌ و هه‌ر بڕیارێك له‌باره‌ى هاورده‌كردنى نه‌وتى ئێرانه‌وه‌ بدرێت له‌ روانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ بازرگانیه‌كان و ئاسایشى ووزه‌ و سیاسه‌تى نیشتیمانیانه‌وه‌ ده‌بێت.
پێشتر راگه‌یه‌نرا كه‌ حكومه‌تى نوێى هندستان هه‌وڵده‌دات به‌ په‌له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێراندا بكات بۆ هاورده‌كردنى نه‌وت له‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌روه‌ها پاره‌ى ئه‌و نه‌وته‌ش به‌ روپیه‌یی هندى بدات كه‌ پێشتر له‌ تارانى كڕیووه‌.

عاجل نیوز- قەتەر و سعودیە لەلوتکەکەی مەککە هەوڵیانداوە کۆتایى بەگرژى نێوانیان بهێنن

حەمەد بن جاسم، سەرۆک وەزیرانى پێشووى قەتەر، رایگەیاند: هەفتەى رابوردوو لە کاتى بەڕێوەچوونى لوتکەى کەنداوى عەرەبى لە مەککە، هەوڵێکی لێک نزیکبوونەوەیەک هەبوو لە لایەن قەتەر و سعودیە کە کۆتایی بەو گرژى و توڵەسەندنەوەیە بهێنن کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا سەری هەڵداوە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure