شارێكى عێراقى به‌رزترین پله‌ى گەرمای تۆماركرد

هەواڵ / عێراق :: 08/06/2019‌ :: 1487‌ جار بینراوە
بارانیش له‌ چه‌ند شارێك ده‌بارێت

دواڕۆژ

شارێك به‌رزترین پله‌ى گه‌رما له‌ مێژووى عێراقدا تۆمارده‌كات و به‌پێى پێشبینیكارێكى كه‌شناسیش ئه‌مڕۆ و سبه‌ى له‌ چه‌ند شارێك باران ده‌بارێت و شه‌پۆلێكى گه‌رماش روو له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كات.


سایتى (كه‌شناسى عه‌ره‌ب)ى تایبه‌ت به‌ چاودێرى كه‌شوهه‌وا (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ى حوزه‌یرانى 2019) ئاشكرایكرد: شارۆچكه‌ى عه‌لى غه‌ربى له‌ پارێزگاى میسان دوێنێ به‌رزترین پله‌ى گه‌رماى تیا تۆماركراوه‌ كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 55.6 پله‌، كه‌ پله‌یه‌كى پێوانه‌ییه‌ و به‌رزترین پله‌ى گه‌رماى تۆماركراوه‌ له‌ مێژووى عێراقدا.

به‌پێى سایته‌كه‌ ئه‌و به‌رزبونه‌وه‌یه‌ى پله‌ى گه‌رما به‌هۆى بارسته‌ هه‌وایه‌كى گه‌رمه‌وه‌یه‌ كه‌ رووى له‌ رۆژهه‌ڵاتى دورگه‌ى عه‌ره‌بى و عێراق كردووه‌.

هه‌ر به‌پێى سایته‌كه‌ ئه‌و پله‌ گه‌رمایه‌ى له‌و شارۆچكه‌یه‌ تۆماركراوه‌ به‌رزترین پله‌ى تۆماركراوه‌ له‌ كیشوه‌رى ئاسیا به‌درێژایى مێژوو و پێشتر له‌ هیچ وڵاتێكى ئاسیا تۆمارنه‌كراوه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رزبونه‌وه‌یه‌ى پله‌ى گه‌رمایه‌ش كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م چه‌ند رۆژه‌دا روو له‌ ناوچه‌كه‌ بكات، پێشبینیكارێكى كه‌شوهه‌وا ده‌ڵێت: باران و هه‌وره‌ تریشقه‌ روو له‌ چه‌ند شارێك ده‌كات.

سادق عه‌تیه‌، شاره‌زا و پێشبینیكارى كه‌شوهه‌وا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ شارى ئه‌نبار رووبه‌ڕووى باران و هه‌وره‌ تریشقه‌ ده‌بێته‌وه‌ و پێشبینیش ده‌كرێت چه‌ند ناوچه‌یه‌كى موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین و رۆژئاواى كه‌ركوكیش ئه‌مڕۆ و سبه‌ى رووبه‌ڕووى بارانى پچڕ پچڕ ببنه‌وه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە