چیرۆكى ئه‌و گه‌نجه‌ى ته‌نگى به‌ داعش هه‌ڵچنى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 4264‌ جار بینراوە
سەكران حسێن، له‌ناو بنكه‌كه‌ى داعش

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ئه‌وكاته‌ى داعش له‌ ترۆپكى هێز و ده‌سه‌ڵاتى خۆیدا بوو (سەكران) دەست بەسەر بنكه‌یه‌كى ئەو گروپە لە حەویجەدا دەگرێت و وێنەی سوتاندنی ئاڵاكەشیان تۆماردەكات، ئەو بەرخودانەش بەتەنها و بەبێ هیچ پشتیوانیەك ئەنجامدەدات و تەنگ بەداعش هەڵدەچنێت. 


ئەو چالاكیەی سەكران حسێن مەحمود (23 ساڵ) بووه‌ تەحەدایەك بۆ ئەو گروپە كە بە زەبری هێز و نمایشی تاوانەكانیان، وایانكردبوو خەڵكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان ناچاربكەن پابەندی بڕیار و یاساكانیان بن كە لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و سوریا دەریاندەچاند.

سەكران، دانیشتوى گوندی تەلعەلی قەزای حەویجە لەساتی داگیركردنی شارەكەی لە ساڵى 2014 بڕیاردەدات رێبازی بەگژاچونەوەی داعش هەڵبژێرێت، تا ئەو ساتەشی گیانی لەدەستدا كۆڵینەدا.

ویسام تەڵەب، تاكە كەس بووە پێشوەخت بە چالاكیەكانی زانیوە و پلانداڕێژی هەڵاتنەكەشی بوە لە حەویجە كە بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەفسەرێكی پێشمەرگەدا دایانڕشتووە.

ویسام بە دواڕۆژی وت: "ماوەیەكی كەم دوای داگیركردنی حەویجە، رۆژێك برایەكی بەناوی عومەر كە ئەندازیارە سەردانی كردم و پێیوتم كە سەكرانی برای بەنیازە هێرشبكاتەسەر بازگەكەی داعش لەنزیك گوندەكەیان، داوایلێكردم لەگەڵی قسە بكەم بۆ ئەوەی پاشگەزبێتەوە".

له‌ گونده‌كه‌ى سه‌كران نزیكه‌ى دوو هەزار گەنج لە ریزی سوپا و هێزە ئەمنیەكاندا بون بەر لەوەی داعش داگیریبكات، ئەوەش وایكردووە داعش لە سەردەمی دەسەڵاتەكەیدا ناوی گوندەكە لە (تەل عەلی)یەوە بگۆڕێت بۆ (تەل ئەبیب) وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە زۆرترین پیاوی دەوڵەتی تێدابووە كە ئەوان بە مورتەد ناویانده‌برد.

ویسام و عومەر گەلێك قسەی لەگەڵ دەكەن تاوەكو سەكران لەهێرشكردنە سەر بازگەكەی داعش پاشگەزبێتەوە، ئەگەرچی لە بەردەم ئەماندا پاشگەزدەبێتەوە، بەڵام لەراستیدا سوردەبێت لەسەر ئەو پلانەی دایڕشتووە.

بۆ رۆژی دواتر لە كاتژمێر 2ی نیوەڕۆ سەكران بەتەنها لە دوری سەد مەترەوە دەستڕێژی گولە لە چەكدارەكانی نێو خاڵەكەدا دەكات كە چوار چەكدار دەبن و دەستبەجێ یەكێكیان دەكوژێت و ئەوانەی دیكەش بەبێ تەقە تەرمی كوژراوەكە دەخەنە ئۆتۆمبێلێكەوە و هەڵدێن.

ویسام دەڵێت: "سەكران چوبووە نێو خاڵەكەی داعش و سوتاندبوی، ساتی سوتاندنی ئاڵاكەشیانی بە موبایلەكەی وێنە گرتبو لەگەڵ پەیامێكدا كه‌ بۆ رۆژی دواتر لەپەیجەكەی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە".

بەوتەی دانیشتوانی گوندی تەل عەلی، هێرشكردن و سوتاندنی خاڵەكەی داعش لەو ساتەوەختەدا كە ئەو گروپە لەوپەڕی توانای سەربازیدا بوون، هەمووانی توشی شۆك كرد، داعش هێزێكی بێ شوماری پڕ چەك و تەقەمەنی بەسەرپەرشتی ئەمیرێكی گروپەكە بەناوی (ئەبو عومەر) دەنێرێتە سەر گوندەكە تاوەكو لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن و هەر ئەو رۆژەیش 40 گەنجی گوندەكە دەگرن كە ئەگەر ئەنجامدەرەكان خۆیان رادەست نەكەن ئەوە گولە بارانیان دەكەن.

بۆ رۆژی دواتر لەگەڵ خۆرهەڵاتندا، دەنگۆی بڵاوبونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی هێرشكردنەسەر خاڵەكەی داعش خەڵكی تەلعەلی رادەچڵەكێنێت، بەتایبەت كە سەكران ئەنجامدەرەكەیە و لەگەڵ ڤیدیۆكەشدا پەیامێكی ئاراستەی داعش كردووە و دەڵێت: "ئەگەر ئێوە پیاون بیرتان نەچێت پیاوی دیكەش هەیە، ئەگەر پێتانیش وایە چەكمان بەدەستەوە نەماوە ئەوە بە بەرد شەڕتان لەگەڵ دەكەین، ئەگەر توانیتان بمگرن رەحمم پێمەكەن ئەگەر ئێوەش كەوتنە دەستم بێ بەزەییانە دەتانكوژم".

ئەم پەیامە ڤیدیۆییە چەكدارانی داعش توشی شۆك دەكات و دەستبەجێ 40 گەنجە دەستگیركراوەكە ئازاد دەكەن بەوپێیەی دوژمنەكەی خۆیان دۆزیوەتەوە، ئیدی دەكەونە وێزەی خەڵك و گوندەكە بەتایبەت كە دەزانن هێشتا سەكران لەسنورەكەدا خۆی حەشارداوە، وێڕای هەڕەشە و فشار و چاندنی دەیان سەرچاوە كە ببونە چاوی ئەو گروپە لە سنورەكەدا، پارەیەكی زۆریش وەكو خەڵات دیاریدەكەن بۆ ئەو كەسەی شوێنی سەكران ئاشكرابكات یاخود هاوكاریان بكات لە دەستگیركردنەكەی.

رۆژ دوای رۆژ داعش رێوشوێنەكانی لە دەوروبەری گوندەكە، كە نزیكەی 900 خانوی تێدایە، توندوتۆڵتر دەكات و چەكدارێكی زۆر بڵاودەكاتەوە و لە هەموو شوێنێك و كەلەبەرێك گەڕان بەدوای سەكران دەستپێدەكەن كە تەنها ویسام و عومەری برای شوێنیان زانیوە بەوپێیەی رۆژانە بەدزیەوە خواردن و خواردنەوەیان بۆ بردوە.

بەوتەی ویسام، سەكران بۆ جاری دووەمیش بەشەو هێرشدەكاتەسەر هەمان خاڵ و نزیكەی 30 خولەك روبەڕوبوونەوە لەنێوانیان روودەدات، بەڵام دواتر دەكشێتەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت سەركەوتوبێت لەهێرشەكەدا بەوپێیەی لەجاری دووەمدا هیچ زیانێك بە چەكدارەكان ناگات.

سەكران جلێكی ژنانە دەپۆشێت و سەرپۆش و خیماریش دەكات، بۆ شاردنەوەی ناسنامەكەشی پێناسەیەكی بەناوی ژنێكەوە بۆ دابیندەكەن، بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەفسەرێكی پێشمەرگە بەناوی (سامی جەباری) كە دواتر لە شەڕێكی داعشدا شەهید دەبێت، لە سنوری مەكتەب خالید دەربازی كەركوك دەبێت و راستەوخۆ دەچێتە بەغداد بۆ ئەوەی پەیوەندی بەسوپای عێراقەوە بكات.

سەكران لە ساتەوەختی داگیركردنی حەویجەدا بەمۆڵەت گەڕابووەوە ماڵەوە، چونكە خۆی لە ریزی سوپای عێراقدا بو ئەركەكەشی لە سنوری موسڵ بو، كە دواتر بەهۆی لێخۆشبونەكەی وەزارەتی بەرگریەوە دەبێتە یەكێك لەو دە هەزار سەربازەی بۆ جاری دووەم پەیوەندیان بەسوپاوە كرده‌ووه‌.

نەقیب مونزر، یەكێكە لە ئەفسەرانی كۆمپیوتەری وەزارەتی بەرگری كە ئەركیان وەرگرتنەوەی ئەو سەربازانە بوە كە لێخۆشبون گرتونیه‌ته‌وه‌ دەڵێت: "سەكران دەپاڕایەوە بۆ ئەوەی رەوانەی ناوچەی شەڕی بكەین، داوای لێكردین بیخەینەسەر ئەو هێزانەی روبەڕوو لەگەڵ ئەو گروپە لە شەڕی دەستەویەخەدان".

لە 23ی ئازاری 2016 لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەی سەجاریە لەسنوری پارێزگای ئەنبار، سەكران پابەندی فەرمانی ئەفسەرەكەی نابێت و خۆی گیان فیدا دەكات بۆ ئەوەی پشكنینى خانویەك بكات كە گومان دەكرێت بۆمبڕێژكراوبێت، لەو ساتەدا پێی بەر یەكێك لە بۆمبە شاراوەكانی داعش دەكەوێت و دەتەقێتەوە و تەرمەكەشی دەكەوێتە ژێر خانوه‌كەوە.

"تاوەكو ئێستا نەتوانراوە بەرد و خۆڵی خانوەكە هەڵبدرێتەوە و روفاتەكەی سەكران دەربهێنرێت تاوەكو لە نیشتیمانە بچوكەكەیدا بینێژین لەگوندی تەلعەلی كە بوە هێمای بەرخودان و گیان فیدایی و وەستانە بەڕووی دڕندەترین گروپی تیرۆریستیدا لە ساتەوەختێكدا كە لەوپەڕی هێزدابو" ویسام وای وت.

زیاتر لە چوار ساڵ قەزای حەویجە لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدا بو، لەو ماوەیەشدا سەدان هاوڵاتی لەلایەن ئەو گروپەوە كوژران و هەزارانیش دیكەش ئاوارەبوون كە بەشێكی زۆریان تاوەكو ئێستاش بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی قەزاكەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

لە 4ی تشرینی یەكەمی 2017 بۆ یەكەمجار هێزە عێراقیەكان لە پڕۆسەی ئازادكردنەوەی قەزای حەویجەدا چونە گوندی تەلعەلی یەوە و ئازادیانكرد، ئەو گوندەی زۆربەی دانیشتوانەكەی لە عەشیرەتی جبورن.

بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەی دەستی دواڕۆژ كەوتووە، تەنها لەو گوندەدا 23 شەهیدی شەڕی داعش هەیە، لەنێوان شەهیدەكانیشدا چوار كەسى تێدایە كە لە تۆڵەی (سەكران)ی ئامۆزایان داعش گولەبارانی كردن و تەرمەكانیشانى بە دەروازەی شارەكەدا هەڵواسی.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure