ئاڵوگۆڕی دراو لە کوردستان زیادیکردووە

هەواڵ / ئابوری :: 09/06/2019‌ :: 231‌ جار بینراوە
مه‌زادى بازاڕى دۆلاره‌كه‌ له‌ سلێمانى

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

بەهۆی باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرەیسەندووە و رۆژانە لە هەرێمی كوردستانەوە 40 تاوەكو 45 ملیۆن دۆلار حەواڵەی دەرەوە دەكرێ، وه‌ك ئه‌وه‌ى شاره‌زایانى بواره‌كه‌ ئاشكرایده‌كه‌ن.


بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، لە سێ ساڵی رابردوودا بایی 73 ملیار و 165 ملیۆن دۆلار كاڵا لە 53 وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە (لە ساڵی 2016 بایی 16 ملیار دۆلار، ساڵی 2017 بایی 28.54 ملیار دۆلار و ساڵی رابردووش بایی 28.7 ملیار دۆلار). پارەی كاڵا هاوردەكراوەكانیش لە رێگەی بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە حەواڵە كراون.

بیلال رەسوڵ، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی گروپی كۆمپانیاكانی دیناری عێراقی كە لقی لە زۆربەی شارەكانی عێراق و ئیمارات و توركیا هەیە، دەڵێت: بەهۆی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابوریی هەرێمی كوردستان و نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرەیسەندووە، ئەمەش كاری كۆمپانیا و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەكردنی دراوی زیادكردووە، بۆ نموونە رۆژانە تەنیا لە هەولێر نزیكەی 25 ملیۆن دۆلار بۆ دەرەوە حەواڵە دەكرێت، لەسەر ئاستی هەرێمیش ئەم ئاڵوگۆڕە دەگاتە نزیكەی 40 تاوەكو 45 ملیۆن دۆلار. 

هەرچەندە بانكی ناوەندی عێراق مافی حەواڵەكردنی دراوی لە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان قەدەغەكردووە، بەڵام زۆربەی كۆمپانیاكان تائێستا كاردەكەن و زۆر بەئاسانی بۆ هەر وڵاتێك بیانەوێت پارە حەواڵە دەكەن.

بیلال وتیشى: "به‌هۆى ئەو كێشە سیاسی و داراییانەی پێشتر لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوون، بانكی ناوەندی بەفەرمی مافی حەواڵەكردنی دراوی لە كۆمپانیاكان راگرت و مۆڵەتەكانی بۆ نوێ نەكردنەوە، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی خواستی بازاڕ، كۆمپانیا و نووسینگەكان بەڕێگەی دیكە بەردوامن لەكاری خۆیان". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئێستا بەشێكی حەواڵەكان لە رێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە دەكرێت، بەشێكیشی لەڕێگەی نووسینگەكانەوە، بەڵام زۆربەی حەواڵەكان لەڕێگەی بانكی ناوەندییەوەیە، ئەویش بە سوودوەرگرتن لە بانكی وڵاتانی دەوروبەر كە لقیان لە شارەكانی عێراق هەیە.

بیلال راشیگه‌یاند: نوێنەكردنەوەی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و سەندنەوەی مافی حەواڵەكردنی دراو لێیان لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، زیانی گەورەی بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، چونكە لەلایەك ناتوانن سوودمەند بن لەو پارەیەی رۆژانە یان هەفتانە بانكی ناوەندی بۆ حەواڵە دەیخاتە مەزاد، لەلایەكی دیكەش گرفتی رۆژانەی بۆ دروستكردوون، بۆ نموونە ئێمە لەبانكی نێودەوڵەتی داوای سفت كۆدمان كردووە ئەوان ئامادەنین پێمان بدەن، چونكە كوردستان دەوڵەت نییە و بانكی ناوەندیش مۆڵەتی حەواڵەكردنی دراوی لێڕاگرتووین. 

ته‌نها لە هەولێر نزیكەی 350 نووسینگە و 200 كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن، رۆژانە جگە لە ئاڵوگۆڕی دراو لەناوخۆدا، دراو حەواڵەی دەرەوە دەكەن.

سیامەند مەولود، بەڕێوەبەری بۆرسەی كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بۆ دواڕۆژ وتى: "هەڵكشان و داكشانی ئاڵوگۆڕی دراو لە كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی پەیوەستە بە باشبوونی بارودۆخی ئابووری و گەشەسەندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان، چونكە بازرگان كاڵاكانی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە دینار ساغ دەكاتەوە و بۆ دووبارە هاوردەكردنەوە دۆلار دەكڕێت و دۆلارەكەش لەرێگەی كۆمپانیا و بانكەكانەوە حەواڵەی دەرەوە دەكرێت.

سیامەند وتیشی: "هەندێ وڵات بێ فاتوورە، رێگە بەحەواڵەكردنی پارە نادەن بۆ وڵاتەكانیان، بۆ نموونە توركیا و ئوردن، بەڵام حەواڵەكردنی پارە بۆ ئیمارات زۆر توند نییە، بەئاسانی دەتوانین پارە بۆ ئەوێ‌ حەواڵە بكەین".

بەپێی دەستوور، سیاسەتی دارایی و نەختینە لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدایە، بۆیە رۆژانە بۆ هاوسەنگكردنی نرخ، بانكی ناوەندیی عێراق 200 تاوەكو 250 ملیۆن دۆلار دەخاتە مەزاد و بەنرخی پاڵپشت بە بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی دەفرۆشێتەوە.

سیامەند، وتیشى: "بانكی ناوەندیی عێراق وەك پاڵپشتییەك هەفتانە 100 تاوەكو 150 هەزار دۆلار بەشێوەی كاش بە نرخی پاڵپشت دەبەخشێتە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، بەڵام بە بیانووی ئەوەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان لە بەغدا نییە، لەوە بێبەش دەكرێن.

بازرگانەكان لەڕێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە بە دوو شێواز بۆ كاڵا و شتومەك پارەكانیان حەواڵەی دەرەوە دەكەن، رێگەی یەكەم راستەوخۆ پارەكە دەدات بە بانك و بانكەكەش لە وڵاتی دیاریكراو پارەكە دەداتە كۆمپانیاكە.

رێگەی دووەم پێیدەگوترێت ئێلسی كە رێگەیەكی مۆدێرنە و ئێستا لە هەموو جیهاندا كاری پێدەكرێت، بریتییە لەوەی بازرگان لەڕێگەی رەهنكردنی زەوی یان موڵك یان هەر شتێكی دیكە رەسیدێك لە بانكێكی ئەهلی تۆمار دەكات، كاتێك بازرگان دەیەوێت كاڵایەك هاوردە بكات، بانكەكە پاڵپشتی بازرگانەكە دەكات، به‌ڵام له‌ هه‌رێم زیاتر كار به‌ رێگاى یه‌كه‌م ده‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى بانكێك باسیده‌كات.

سەردار پیرباڵ، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی مەنسوور، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بازرگانی پڕۆفیشناڵمان كەمە و رۆشنبیری بانكییان وەك پێویست نییە، بۆیە زیاتر مامەڵەكان بە رێگای یەكەم دەكرێت.

وتیشی: "زۆربەی بازرگانانی هەرێمی كوردستان كاڵاكانیان لە سەرچاوەی زۆر باوەڕپێكراو ناكڕن و زیاتر لە كۆمپانیا و كارگەی لاكۆڵان دەیكڕن، ئەم كۆمپانیانەش وەك پێویست لەگەڵ بانكەكان مامەڵە ناكەن، بۆیە پارەكانیان لەڕێگەی كۆمپانیاكان و نووسینگەكانەوە دەست بەدەست حەواڵە دەكرێت، ئەمەش رێگەی خۆشكردووە بۆ سپیكردنەوەی پارە.

بەپێی ئەو داتایانەی لەلای سەردار-ن، تاوەكو ئێستا 10 بانك لە كوردستان لەلایەن بانكی ناوەندییەوە خراونەتە ژێر چاودێری یان لیستی رەشەوە، ئەویش بەهۆی تێوەگلانیان لە كاری نایاسایی و دەرچوون لە رێنماییەكانی بانكی ناوەندی، تەنانەت بانك هەیە بە یەك ملیار دینار سزادراوە.

وتیشی: "ئێستا ئیدارەی بانكەكان لەلایەن ستافی بانكی ناوەندی بەڕێوەدەبرێن و خاوەن بانكەكە بۆی نییە هیچ مامەڵەیەك واژوو بكات".

عابد ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "بەپێی رێنمایی بانكی ناوەندیی عێراق، سەرجەم كۆمپانیا و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە كوردستان فەرمی نین و دان بە مۆڵەتەكانیاندا نانرێ‌، بۆیە مافی حەواڵەكردنی دراویان نییە و بەڵێننامەیان پێپڕكراوەتەوە كە ئەو كارە نەكەن".

وتیشی: "خەریكی چارەسەركردنی كێشەی ئەو نووسینگە و كۆمپانیایانەین، لەداهاتوودا هەموویان دەبنە فەرمی و لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دانیان پێدادەنرێت، لەوانەیە هەندێكیان مافی حەواڵەكردنیان بدرێتێ‌".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure