"به‌ڵگه‌ هه‌یه‌" چه‌ند گروپێك له‌ پشت سوتاندنى زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانه‌وه‌ن

هەواڵ / عێراق :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 542‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى نه‌ینه‌وا رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌ڵگه‌ى پێویستمان به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیسه‌لمێنێت به‌شێكى زۆرى رووداوه‌كانى سوتانى زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێك ئه‌نجامدراوه‌.


عه‌وه‌ید جحێشى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى نه‌ینه‌وا (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: سوتاندنى زه‌وى كشتوكاڵى له‌ سنورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا هه‌موو قه‌زاكان ده‌گرێته‌وه‌ و قه‌باره‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ كه‌ هه‌موو هێزه‌ ناوخۆییه‌كانى موسڵ ناتوانن كۆنتڕۆڵى بكه‌ن.

وتیشى: "پێویسته‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عێراق له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ كۆببنه‌وه‌ و لیژنه‌یه‌كى به‌دواداچون له‌سه‌ر كاره‌ساتى سروشتى پێكبهێنرێت و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ رووپێوى زیانه‌كان بكات و هه‌موو جوتیاره‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان قه‌ره‌بوو بكات بۆ ئه‌وه‌ى دووباره‌ بتوانن كارى كشتوكاڵ ئه‌نجام بده‌ن".

عه‌وه‌ید ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئۆتۆمبێلى به‌رگرى شارستانى له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا كه‌مه‌ و قه‌باره‌ى ئاگره‌كه‌ش زۆره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌ و به‌ڵگه‌ى پێویستمان به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیسه‌لمێنێت به‌شێكى زۆرى ئه‌م رووداوانه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێك ئه‌نجامدراوه‌.

به‌ گوێره‌ى ئامارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتى به‌رگرى شارستانى عێراق له‌ 8 تاکو 29ى مانگى رابردوو ‌لە تەواوى شارەکانى عێراق سەرجەم رووداوى ئاگرکەوتنەوەکان گەیشوه‌تە 178 رووداو، كه‌ لەنێوانیاندا 8767 دۆنم بەتەواوەتى سووتان و 143890 دۆنمیش تواندراوه‌ لە سوتان رزگاربکرێن.
 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure