پۆلیسی سلێمانی روونكردنەوە سەبارەت بەدۆخی ئەمنی دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 07/06/2019‌ :: 1048‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پۆلیسی سلێمانی رەتیدەكاتەوە بەهۆی "لاواز"ی دەزگای ئەمنییەوە حاڵەتی كوشتن و تەقەكردن زیادیان كردبێت و دەڵێن: "لەڕۆژانی جەژنیشدا بازگە هەبووە و نەهێشتنی تاوان لەم جەژنەدا دەستی بەسەر پێنج چەكدا گرتووە".  


نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی ئەمشەو (هەینی 7ی حوزەیرانی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: رووداوەكانی شەوی رابوردوو پەیوەندی بە "لاواز"ی دەزگای ئەمنییەوە نییە.

وتیشی: "پێنج رۆژە لەشاری سلێمانی هیچ حاڵەتێكی دزیكردن لەماڵ و ناوبازاڕ نەبووە، هێزێكی زۆری ئاسایش و پۆلیس و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی بڵاوكراونەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ نموونە ئەو گەنجەی لەسەر شوێنی عەرەبانە كوژرا، بكوژ مەبەستی كوشتنی بەئەنقەست نییە، چەقۆیەكی لێداوە، بەڵام تا گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، ئەوەی چوونە سەر سیتی سینەماش پەیوەندی بەهەبوونی چەكە بەدەست هاوڵاتیانەوە".

بۆ دانانی بازگەی كاتی لەنێو شاریش بۆ رێگری لەچەكهەڵگرتن، نەقیب سەركەوت دەڵێت: "لەڕۆژانی جەژنیشدا بازگە هەبووە و نەهێشتنی تاوان لەم جەژنەدا دەستی بەسەر پێنج پارچە چەكدا گرتووە".  

بڵاوکردنەوە: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure