ئاگر چه‌ند ناوچه‌یه‌كى گه‌رمیانى گرتوه‌ته‌وه‌ و دوو كه‌سیش ده‌ستگیركراون

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/06/2019‌ :: 314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


ئه‌مڕۆ له‌ سنورى گه‌رمیان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ئاگر له‌ به‌رهه‌مى جوتیاران و پوش و پاوان و باخ ڕ‌ه‌زى هاووڵاتیان كه‌وتووه‌ و به‌شێكى ئەو ئاگرانه‌ تائێستا كۆنترۆڵ نه‌كراون. ئاسایشى كه‌لاریش ده‌ستگیركردنى دوو كه‌س راده‌گه‌یه‌نێت.


نیعمه‌ت عه‌لى، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ هه‌ینى له‌ ناوچه‌ى شێره‌وه‌ن له‌ نێوان كه‌لار و خانه‌قین ئاگر كه‌وته‌وه‌ و بووه‌ هۆى سوتانى باخ و ڕه‌ز و جاڕ و پوش و پاوانێكى زۆر و نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ توانرا كۆنترۆڵ بكرێت، هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ دوێنى ئاگر له‌ نزیكه‌ى 10 گوند كه‌وته‌وه‌ و له‌ ئێواره‌ى دوێنێوه‌ تاوه‌كو به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ تیمه‌كان پێوه‌ى سه‌رقاڵ بوون و توانیان كۆنترۆڵى بكه‌ن. 

وتیشى: "هەر ئەمڕۆ له‌ سنورى كه‌لار له‌ گونده‌كانى به‌رلووت و قاسم ئاغا ئاگر كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌ ده‌یان دۆنم گه‌نم و جۆ و پووش و پاوان و جاڕ سوتاون و زیانى زۆرى هه‌بووه‌ و تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ كۆنترۆڵ بكرێت چونكه‌ ئاگره‌كه‌ و ناوچه‌كه‌ش زۆر به‌رفراوانه‌". 

نیعمه‌ت عه‌لى باسیشى له‌وه‌كرد: له‌ سنورى كفریش له‌ ناوچه‌ى گلابات له‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆوه‌ ئاگرێكى گه‌وره‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان دۆنم زه‌وى له‌ به‌رهه‌مى دانه‌ویڵه‌ و وگژوگیا و پوش و پاوان سوتان و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى تیمه‌كانى سه‌رقه‌ڵا و كفرى له‌و ناوچه‌یه‌دان، به‌ڵام به‌ هه‌مانشێوه‌ له‌به‌ر زۆرى ئاگره‌كه‌ نه‌توانراوه‌ كۆنترۆڵ بكرێت و حاڵى حازریش له‌ گوندێكى دیكه‌ش ئاگر كه‌وتوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا تیمه‌كانیان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌. 

له‌ ماوه‌ى دوو ڕۆژى رابردوودا له‌ سنورى گه‌رمیان زیاتر له‌ په‌نجا حاڵه‌تى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ تۆماركراون و به‌ سه‌دان دۆنم زه‌وى له‌ به‌رهه‌مى دانه‌ویڵه‌ى گه‌نم و جۆ، پوش و گژوگیا و باخ ڕه‌زى هاووڵاتیان سوتاون. 

فایه‌ق ئه‌حمه‌د، جوتیارێكى سنورى گوندى قاسم ئاغا به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ ئاگره‌كه‌ى ئه‌مڕۆى سنوره‌كه‌یدا خۆى و براكه‌ى 34 گه‌ڵابه‌ كا كه‌ بۆ ئاژه‌ڵ ئاماده‌یان كردبوو سوتاون و هه‌روه‌ها كۆى گشتى زیاتر له‌ 100 گه‌ڵابه‌ كاى جوتیاران سووتاوه‌. 

وتیشى: "هه‌ر به‌هۆى ئاگره‌كه‌وه‌ 15 دۆنم زه‌وى گه‌نم و ده‌یان دۆنم زه‌وى پوش و جاڕ و گژو گیا سوتاوه‌ و زیانى زۆرى پێگه‌یاندوین چونكه‌ ئاگره‌كه‌ زۆر به‌رفراوانه‌ و سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵى تیمه‌كانى ئاگر کوژێنه‌وه‌ هاووڵاتیان و جوتیارانیش به‌ڵام كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌". 

هه‌رله‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌ردار مه‌حمود به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى كه‌لار به‌دواڕۆژى وت: "نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ له‌ دواى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگر له‌ گوندى قاسم ئاغا، توانیمان دوو كه‌س ده‌ستگیربكه‌ین كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ كردنه‌وه‌ى ئاگر له‌و سنوورانه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیانى زۆر كه‌وتووه‌ته‌وه‌". 

ئەوەشی خستەڕوو: ئه‌وانه‌ى زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و ئاگرانه‌ ده‌توانن سكاڵا تۆماربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ بكرێت و له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ دادگا به‌ بێ سكاڵا تۆمه‌تبار ڕاناگرێت. 

به‌پێى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان، ئاگره‌كانى ئه‌مساڵى سنوره‌كه‌ زۆر زیاتره‌ له‌ ڕێژه‌ى ساڵانى رابردوو و ئه‌مه‌ش گومانى لادروست كردوون كه‌ ئه‌و ئاگرانه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌نقه‌ست ئه‌نجامده‌درێن و به‌شێكیان سروشتیيه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ هۆكارى نه‌زانینه‌وه‌ هه‌یه‌. 

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure