له‌ده‌ستى داعش رایكرد، به‌ڵام سوپای توركیا كوشتى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/06/2019‌ :: 1067‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك
ژنێك و پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن، له‌ ژێر خێمه‌یه‌كى كه‌مپی (چه‌م مشكۆ) له‌ قه‌زاى زاخۆ به‌كوڵ ده‌گریان، گریانی ئه‌وان بۆ كوڕه‌‌ 21 ساڵەكه‌یان بوو‌ كه‌ به‌ گولله‌ى سوپای توركیا  كوژرا.

كه‌وێ خه‌ڵه‌ف، دایكی ئه‌مین به‌ دڵێكی شكاوەوە به‌ له‌چكه‌كه‌ى فرمێسكه‌كانی ده‌سڕی،‌ ئه‌و كۆسته‌ وای لێكردبوو كه‌تواناى قسه‌كردنى نه‌مابوو ته‌نها به‌ ئاماژه‌ى ده‌سته‌كانى وه‌ڵامى په‌یامێنرى دواڕۆژى دایه‌وه‌ كه‌ ناتوانێت قسه‌ بكات.

ئه‌مین ساڵح به‌ره‌به‌یانی 4ى حوزه‌یرانى 2019 له‌گه‌ڵ دوو كه‌سى تردا، له‌ سنورى ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌‌ چووبووه‌ ناو كێڵگه‌كه‌ى خۆى له‌سه‌ر رووباری خابوور كه‌ سنوری نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیایه‌، له‌و كاته‌دا سوپای توركیا ته‌قه‌یان له‌ ئه‌مین كرد و كوشتیان.

ئه‌مین له‌گه‌ڵ خێزانه‌ پێنج كه‌سیه‌كه‌یدا له‌ ساڵى 2014 له گوندی دووگرێی سه‌ر به‌ناحیه‌ی سنونێ-ی سنورى قه‌زاى‌ شنگال له‌ ده‌ست داعش رایكردبوو، له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا له‌ كه‌مپی (چه‌م مشكۆ) ده‌ژیان.

 له‌به‌ر خێزانه‌كه‌ى وازی له‌ خوێندن هێنا 
میرزا عومه‌ر، مامی ئه‌مین بۆ دواڕۆژ وتی:" به‌وپێیه‌ى هیچ داهاتێكی نه‌بوو، ئه‌مین بڕیاریدا له‌ پۆلی نۆیه‌م واز له‌ قوتابخانه‌ بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ بۆ خێزانه‌كه‌ى په‌یدابكات و براكانی بتوانن له‌ زانكۆ بخوێنن، بۆیه‌ ده‌ستى داوه‌ته‌ كارى كشتوكاڵى و چه‌ندین ساڵ بوو له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی نزیك رووباری خابوور كاری ده‌كرد".

 چیرۆكێكى دووباره‌ له‌سه‌ر سنور
 كوژرانى ئه‌و گه‌نجه‌ یه‌كه‌م روداوى له‌و جۆره‌ نییه‌ له‌سه‌ر سنور و به‌ده‌ستى سوپاى توركیا روبدات، له‌ماوه‌ى رابوردوودا چه‌ندین هاڵاوتیانى ناوچه‌ سنورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ بادینان به‌ بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى توركیا كوژران به‌پاساوى بوونى پارتى كرێكارانى كوردستان لەو ناوچانە.

به‌هۆى یه‌كێك له‌و روداوانه‌وه‌ له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا خۆپیشاندانى به‌رفراوان له‌ ناحیه‌ى شیلادزێ له‌دژى بوونى بنكه‌كانى سوپاى توركیا رویداو بۆ جارێكى تر قوربانی لێكه‌وته‌وه‌.

"نازانین مافی ئه‌مین له‌ كێ وه‌رگرین"
مامی ئه‌مین باسی ئه‌وه‌شكرد كه‌ تا ئێستا ئه‌وان نازانن مافی ئه‌مین له‌ كێ وه‌رگرن، سكاڵا له‌ دژی كێ و له‌ چ شوێنێك تۆماربكه‌ن، داواده‌كات حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان هاوكارییان بكه‌ن.
 ئه‌و وتى :" ئه‌وه‌ ئێمه‌نین له‌ به‌ر داعش رامانكردووه‌؟ چۆن لێره‌ له‌ناو كێڵگه‌ی خۆمان بكوژرێین؟".

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق







  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure