هه‌ڵه‌بجه‌؛ له‌ 20 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا 150 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى سوتاون

هەواڵ / کوردستان :: 08/06/2019‌ :: 124‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

له‌ ماوه‌ى رۆژانی جه‌ژندا 20 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ تۆماركراون، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ش دەڵێت: "150 دۆنم له‌ زه‌وى كشتوكاڵى و دارستانى سروشتى ناوچه‌کە سوتاون".


زانیار عومه‌ر، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: ئه‌و پلانه‌ى كه‌ بۆ ڕۆژانى جه‌ژن داماننابوو توانیمان به‌سه‌ركه‌وتووانه‌ جێبه‌جێى بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌م جه‌ژنشدا 20 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش تۆماركراون.

وتیشی: "به‌هۆى ئه‌و ئاگر كه‌وتنه‌وانه‌وه‌ 150 دۆنم له‌ زه‌وى كشتوكاڵى و دارستانى سروشتى و پوش و پاوانى ناوچه‌کە سوتاون، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هیچ زیانێکى گیانى تۆمارنه‌كراون، هاوكات بنكه‌كانى ئاگر كوژێنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ و سیروان به‌شداربوون لە كوژانه‌وه‌ى ئاگره‌كان".

له‌ باره‌ى هۆكارى ئه‌و ئاگر كه‌وتنه‌وانه‌وه‌، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هۆكارى ڕاسته‌قینه‌ى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كانمان بۆ ڕووننه‌بووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا ئه‌وه‌ ده‌كه‌وتووه‌ كه‌ هۆكارەکەی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌ ده‌شت و بناره‌كاندا ئاگر ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵام له‌ دواى جێهێشتنى ئه‌و جێگایه‌ ئاگركه‌ ناكوژێننه‌وه‌ دواتر كاره‌ساتى نه‌خوازرى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

پ: ن.ر





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure