بەرپرسێکی کۆمەڵ: کۆنگرە قبوڵناکات ئەمیرەکەمان خۆی کاندید نەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 07/06/2019‌ :: 630‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

شوان رابەر، بڕیاردەری ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی بەدواڕۆژی راگەیاند: سەرکردایەتی کۆمەڵ بڕیاریداوە لە ساڵی 2019 کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت.


وتیشی: "لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی سەرکردایەتی بەرنامە و پڕۆژە و میکانیزمی لیژنەکان دادەنرێت بۆئەوەی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ببەستین".

ئاماژەی بەوەشکرد: تا ئێستا هیچ شتێک یەکلانەکراوەتەوە هەموو پرسەکان دەبرێنە ناو کۆنگرە، کۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتە بە زۆرینەی دەنگ دەتوانێت ئەوە پەسەند بکات کە دەیەوێ.

سەبارەت بەوەی ئەمیری کۆمەڵ خۆی کاندید دەکاتەوە، شوان رابەر وتی: "جەنابی مامۆستا عەلی باپیر  تا ئێستا راینەگەیاندووە کە خۆی کاندید دەکاتەوە یان نا، ئەوە پەیوەندی بەخۆیەوە هەیەو لەکاتی کۆنگرە دەردەکەوێت، بە هەرحاڵ ئەگەر خۆشی کاندید نەکاتەوە پێم وایە کۆنگرە لێی قبوڵناکات و تا ئێستاش خەڵک زۆر رەغبەتیان لەسەر مانەوەی مامۆستا هەیە و  بە زەروریشی دەزانن".

شوان رابەر ئەوەشی وت: "دوا بڕیار بۆخۆی و لای ئەندامانی کۆنگرەیە".

پ: ن.ر

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure