دووان له‌كاندیده‌كانی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ دواڕۆژ ده‌دوێن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/06/2019‌ :: 2807‌ جار بینراوە
عومه‌ر ئینجه‌، جه‌مال تاهیر

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

 

دوو كاندیدى دیارى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك باس له‌ پرسی پاڵاوتیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و پۆسته‌ كه‌ پێشتر دوو پۆستى جیاوازیان له‌وشاره‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌.   

جه‌مال تاهیر فه‌رمانده‌ی پێشوتری پۆلیسی كه‌ركوك كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پاڵێوراوه‌كان به‌دواڕۆژی وت: "تاوه‌كو ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ كه‌سێك پێی نه‌وتووم كه‌ پاڵێوڕاوی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ ته‌نها له‌خه‌ڵك و ماڵه‌په‌ڕه‌كانه‌وه‌ بیستومه‌".

وتیشی:" كه‌ركوك شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌تبكرێت، ته‌نانه‌ت شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ له‌پێناویدا شه‌هیدبێت، ئه‌گه‌ر راسپێردرێم و خه‌ڵكه‌كه‌ش پشتیوانم بێت ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی دیكه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا هیچ كه‌سێك له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردووم".

 سه‌باه‌ت به‌و ره‌خنه‌یه‌ش كه‌ لێى ده‌گیرێت  به‌وه‌ى به‌بنه‌چه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك نییه‌، جه‌مال تاهیر وتی:" له‌دایكبوی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانم به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی ته‌عریبه‌وه‌ كه‌سوكاره‌كه‌م راگوێزراون و له‌هه‌ولێر نیشته‌جێبوین".

 

جه‌ماڵ تاهیر كێیه‌؟
جه‌ماڵ تاهیر له‌دایكبوی ساڵی 1954ی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانه‌ له‌سنوری قه‌زای دوبز ( 45 كیلۆمه‌تر رۆژئاوای كه‌ركوك)، له‌ساڵی 1963یشه‌وه‌ به‌مه‌ستی ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی خوێندن چونه‌ته‌ هه‌ولێر.


له‌ساڵی 1974 كۆلێژی پۆلیسی له‌به‌غدا ته‌واوكردوه‌و له‌ 1982  بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌كۆلێژی یاسای زانكۆی به‌غدا، ماسته‌ریشی له‌ زانكۆی سانت كلیمنی ئه‌هلی خوێندووه‌ له‌كه‌ركوك.


له‌ساڵی 1972 وه‌كو ئه‌فسه‌ر له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌ئه‌ركدا بووه‌ تاوه‌كو له‌ساڵی 2017 به‌پله‌ی فه‌ریق خانه‌نشینكراوه‌.


چه‌ندین پۆستی له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق وه‌رگرتووه‌ له‌وانه‌، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ناوخۆی عێراق بووه‌ و سه‌رپه‌رشتیارى پۆلیسی كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا بووه‌، له‌سه‌ر داوای مام جه‌لال سكرتێرى كۆچكردووى  یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان بووه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كه‌ركوك و بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 17ی ئایاری 2007ده‌ستبه‌كاربووه‌ تاوه‌كو 6ی ئازاری 2016، پاشان بۆ ماوه‌ی ساڵێك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پشكینینی هه‌موو عێراق بووه‌ له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ.


عومه‌ر ئینجه‌ جه‌باری یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك كه‌ یه‌كێکى دیكه‌یه‌ له‌ پاڵێوراوه‌كان به‌دواڕۆژی وت: "به‌ فه‌رمى هیچ كه‌سێك له‌باره‌ی كاندیدكردنم قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردووم، به‌ڵام وادیاره‌ به‌شێك له‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی لای خۆیانه‌وه‌ ئه‌م كاره‌یان كردووه‌ و منیان به‌شایسته‌ زانیوه‌".


وتیشی:" هۆكاری هه‌ڵبژاردنیشم بۆ ئه‌وه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوكم و په‌یوه‌ندی باشم له‌گه‌ڵ پێكهاته‌و كه‌سایه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌ و هیچ كاتێك ره‌گه‌زپه‌رست و نه‌ته‌وه‌په‌رست نه‌بووم و به‌رده‌وام له‌به‌رژه‌وه‌ندی شاره‌كه‌ كارم كردووه‌".

عومه‌ر ئینجه‌ جه‌باری كێیه‌؟
د. عومه‌ر نه‌جمه‌دین ئینجه‌ سه‌مه‌د جه‌باری، له‌دایكبوی ساڵی 1973ی شاری كه‌ركوك، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالوریۆس، ماسته‌ر و دكتۆرایه‌ له‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی زانكۆی به‌غدا.


ماوه‌ی 15 ساڵه‌ مامۆستایه‌ له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، له‌و ماوه‌یه‌شدا چه‌ند پۆستێكی پێدراوه‌ له‌وانه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كاروباری خوێندكاران له‌زانكۆی كه‌ركوك، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی كه‌ركوك بۆ كاروباری كارگێڕی، سه‌رۆكی یه‌كێتی وه‌رزشكارانی زانكۆ، ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی زانكۆی كه‌ركوك.
پێنج كتێبی له‌بواره‌كه‌ی خۆیدا نوسیوه‌و خاوه‌نی 32 توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌, به‌شداری له‌ 17 كۆنگره‌ و پێشانگه‌ی زانستی كردووه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات.


 63 سوپاسنامه‌شی هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و سه‌رۆكی زانكۆوه‌ پێی به‌خشراوه‌.


 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق 

بڵاوکردنەوە: ن.ر

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure