له‌ دیاله‌ ململانێى ئه‌منى توند هه‌یه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/06/2019‌ :: 208‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا


له‌م دواییانه‌دا پارێزگاى دیاله‌، چه‌ندین بارگرژى و كوشتنى هاوڵاتیانى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، به‌تایبه‌ت دواى كوشتنى سێ كه‌س له‌ یه‌ك خێزان له‌ گوندى ئه‌بوو خه‌نازیرى سه‌ربه‌ ناحیه‌ى ئه‌بوو سه‌یدا.


پێشتر هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كان (سوننه‌)كان به‌یاننامه‌یه‌كیان بۆ ئیدانه‌كردنى ئه‌و كوشتاره‌ ده‌ر‌كرد، سوننه‌كان له‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا ئاشكرایان كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه‌یان كوشتووه‌ جلوبه‌رگرى سه‌ربازییان له‌به‌ربووه‌ و رۆیشتونه‌ته‌ گوندى ئه‌بوو خه‌نازیر و له‌پێشچاوى خه‌ڵكى گونده‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌یان كوشتووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى نزیك له‌ ناوچه‌كه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكیان هه‌بووبێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سادق حوسه‌ینى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئه‌منى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: زۆرینه‌ى شاروشارۆچكه‌ و گونده‌كانى پارێزگاكه‌ سه‌قامگیره‌، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌بوو سه‌یدا روویداوه‌ ناوى بنێن ململانێى تایه‌فى، یان به‌ ئامانج كردنى تایه‌فه‌یه‌كى دیاریكراو، ئه‌وه‌ش راست نییه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتى پارێزگاكه‌ ئه‌و كاره‌ى ئیدانه‌كرد و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌و رووداوه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و به‌شوێن ئه‌و تاوانبارنه‌وه‌یه‌ كه‌ تاوانه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌شى ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ به‌رپرسیارن له‌ ئاسایشى گونده‌كه‌.

حوسه‌ینى ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكرد: ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى دیاله‌ و گونده‌كانى جموجوڵى هه‌ندێك له‌ شانه‌ نووستووه‌كانى تیرۆرستان هه‌یه‌ تیایاندا، له‌م چه‌ند رۆژه‌شدا چه‌ند تیرۆركردنێكیان ئه‌نجامداوە، به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانى پۆلیس، به‌ڵام هیچ به‌رپرسێك لێدوانى له‌و باره‌وه‌ نه‌داوه‌ به‌ تایه‌فه‌گه‌رى ناوى نه‌هێنا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى قوربانییه‌كان پۆلیس بوون، هه‌روه‌ها له‌ تایه‌فه‌یه‌كى دیاریكراویش بوون.

وتیشى: "پێویسته‌  سیاسییه‌كان ئیدانه‌ى كوشتنى پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش بكه‌ن، ئه‌و رووداوانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سێتى و سیاسى به‌كارنه‌هێنن، كه‌ بێگومان كوشتنى سێ هاوڵاتى له‌ ئه‌بوو خه‌نازیر تاوانێكه‌ ده‌بێت تاوانباران سزاى خۆیانى له‌سه‌ر وه‌رگرن، ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ تاوانباراندا ده‌ستیان تێكه‌ڵكردووه‌ و تێوه‌گلاون سزا بدرێن".

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ یه‌كێك له‌ هاوڵاتیانى گوندى ئه‌بوو خه‌نازیر له‌ ناحیه‌ى ئه‌بوو سه‌یدا كه‌ ئێستا ئاواره‌بووه‌، بۆ دواڕۆژ وتى: "ئاڵۆزییه‌ ئه‌منییه‌كان ته‌نها تایه‌فییه‌ ته‌نها له‌ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى دیاله‌ و گونده‌كانى ئه‌بو سه‌یدایه‌ له‌ ده‌ورووبه‌رى، ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ى كه‌ سێ هاوڵاتى تیادا بووه‌ قوربانى له‌ ئه‌بوو خه‌نازیر، ئه‌و دڵنیاییه‌ى داوەته‌ هاوڵاتیان كه‌ هیچ به‌رگریكار و پارێزه‌رێكى راسته‌قینه‌یان نییه‌، مادام ئه‌و لایه‌نانه‌ى ئه‌و كاره‌یان كرد و به‌ جلوبه‌رگى سه‌ربازییه‌وه‌ هاتوون، له‌پێشچاوى خه‌ڵك و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناوچه‌كه‌وه‌ ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامداوه‌".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئه‌وه‌شى روونكرده‌وه‌: گونده‌كانى خه‌میسه‌ى ئه‌بوو گه‌رمه‌، سه‌نیجه‌، ئه‌بوو خه‌نازیر، سه‌ر به‌ ناحیه‌ى ئه‌بوو سه‌یدا له‌ رۆژهه‌ڵاتى دیاله‌، به‌ باخ و بۆیسان به‌ناوبانگه‌، هه‌موو میوه‌یه‌كیان هه‌یه‌، به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ هه‌رزاره‌ها تۆنە، نزیكه‌ى 80% به‌رهه‌مى میوه‌ى پارێزگاى دیاله‌ به‌رهه‌مى ئه‌و گوندانه‌ن، ئه‌و گوندانه‌ زیاتر له‌ 5 هه‌زار دۆنم باخ و بێستانیان هه‌یه‌، هه‌ندێك لایه‌ن و میلیشیاى چه‌كدارى واتۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن كه‌ شانه‌ى نووستووى تیرۆرستانى داعش له‌و گوندانه‌دا هه‌ن، به‌تایبه‌ت به‌هۆى چڕى باخ و بێستانه‌كانه‌وه‌، ئه‌و بیانووه‌ش راست نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستیانه‌ خه‌ڵك و دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى ئاواره‌ بكه‌ن، خۆیان ده‌ستى به‌سه‌ردا بگرن و سود له‌ داهاته‌كه‌ى وه‌رگرن.

وتیشى: "زنجیره‌ى به‌زۆر راگواستن و ئاواره‌كردنى خه‌ڵك و دانیشتوانى ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌تایبه‌ت دواى ئازادكردنى ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌ستى داعش، به‌بیانووى له‌ناوبردنى داعش، هه‌ندێكجاریش خه‌ڵكه‌كه‌ى ده‌ڕفێنن، جارجاریش له‌ هاوه‌نبارانى ناوچه‌كه‌ و ماڵى هاوڵاتیانیش ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى ناچاركردنیان و ئاواره‌كردنییان له‌ناوچه‌كانى خۆیان".

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure