نه‌خشه‌ى كوده‌تایه‌ك له‌ دژى عه‌بدولمه‌هدى ئاشكرا ده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: 08/06/2019‌ :: 7224‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى سیاسى بۆ سایتى "اسرار نیوز" ئاشكرایكردووه‌: نه‌خشه‌یه‌كى كوده‌تایى هه‌یه‌ بۆ له‌سه‌ركارلادانى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران و گه‌ڕانه‌وه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت، واشنتنیش بارودۆخه‌كه‌ى سازكردووه‌.


ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ "اسرار نیوز" ناوه‌كه‌ى بڵاونه‌كردۆته‌وه‌، وتوویه‌تى: "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ حیزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى، به‌ راوێژى ئه‌مریكا بووه‌، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ پێشكه‌شكردنى كاندیدى ته‌كنۆكرات دواى ته‌واوبوونى ئه‌و كاته‌ى بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى دانراوه‌".

ئاشكراشیكردووه‌: "هه‌وڵێكى زۆر هه‌یه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگ، سه‌باره‌ت به‌ سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ناو په‌رله‌ماندا، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌كردن بۆ خستنه‌ڕووى جێگره‌وه‌كه‌ى".

جه‌ختیشیكردووەته‌وه‌: "جیابوونه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانییه‌كان كه‌ له‌مدواییه‌دا روویانداوه‌، به‌كاریگه‌ریى هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بووه‌، به‌تایبه‌تى ئه‌مریكا و كه‌نداو، بۆ گێڕانه‌وه‌ى هاوسه‌نگى هێز و پێكهێنانى ئاڕاسته‌یه‌ك كه‌ هه‌ژموونى فه‌تح و سائیرون تێپه‌ڕێنێت، كه‌ بۆ گۆڕانكارییه‌كانى ئاینده‌ پشتى پێببه‌ستریێت".

ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكردووه‌: "جووڵه‌كانى ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستى هێزه‌ سوننه‌ و كوردییه‌كان و یه‌كێك له‌ ره‌وته‌ شیعییه‌ گرنگه‌كان هه‌ندێك ئامانجى به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ واشنتن هه‌وڵده‌دات خولى دووه‌مى سه‌رۆكایه‌تى بۆ عه‌بادى به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام شكستى هێنا، به‌تایبه‌ت له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت سوربوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى له‌به‌رامبه‌ر ئێران".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure