جەلەولا؛ گه‌نم و جۆ و باخى كورد و عه‌ره‌بیش ده‌سوتێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 06/06/2019‌ :: 243‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ دوێنێوه‌ زیاتر له‌ 600 دۆنم زه‌وى له‌ باخ و به‌رهه‌مى دانه‌ویڵه‌ى گه‌نم و جۆ و پوش و پاوانى جوتیارانى سنورى ناحیەی جه‌له‌ولا له‌ گونده‌ كورد و عه‌ره‌به‌كانیش سوتێنراون. تائێستاش هۆکارەکەی نادیارە.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى جه‌له‌ولا به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشەممە له‌ سنورى گوندى گه‌حتانه‌ له‌ ناوچه‌ى تبجى سه‌ر به‌ جه‌له‌ولا ئاگرێكى گه‌وره‌ له‌ گه‌نم و جۆى جوتیاران كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ 100 دۆنم زه‌وى له‌ به‌رهه‌مى دانه‌ویڵه‌ و جاڕ و پوش و پاوان سوتاوه‌. 

وتیشى: "تاوه‌كو ئێستا ئه‌و ئاگره‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌ و ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ ده‌ریاچه‌ى حه‌مرین و دانیشتوانه‌كه‌ى عه‌ره‌بى سوننه‌ن تاڕاده‌یه‌ك له‌ ژێر كۆنترۆڵی گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌ ڕێكخراوى داعشه‌". 

ئاماژەی بەوەشدا: دوێنێش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ئاوایى گه‌وره‌ى ناوچه‌ى شێخ باوه‌ى نزیك جه‌له‌ولا نزیكه‌ى 500 دۆنم باخ و پوش و جاڕ سوتێندران كه‌ به‌شى زۆرى هى جوتیارانى كورد بووه‌ و تاوه‌كو ئێستاش نازانرێت سه‌رچاوه‌ى ئه‌و ئاگرانه‌ چییه‌ و هۆکارەکەی نادیارە.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure