سێ ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ و زیانیان هه‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: 05/06/2019‌ :: 709‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌كى ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كه‌

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ى حوزه‌یران، له‌ سنورى گه‌رمیان له‌ ئاكامى سێ حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ بڕێكى زۆر له‌ پوشوپاوان و جۆى جوتیاران سوتان، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان-یش ده‌ڵێت: "تا ئێستا هۆكارى ئه‌و ئاگرانه‌ نه‌زانراون". 


نیعمه‌ت عه‌لى، وته‌بێژى پۆلیسى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "ئاگرى یه‌كه‌م له‌ ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵاى كفرى كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ جگه‌ له‌ پوشوپاوان شه‌ش دۆنم جۆى جوتیارێك سوتاوه‌. ئاگرى دووه‌میش له‌ سنوورى كه‌لار كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ بڕێك جاڕى به‌رهه‌مى جوتیاران كه‌ بۆ ئاژه‌ڵ به‌كارده‌هێندرێت سوتاوه‌". 

وتیشى: "ئاگرى سێهه‌م ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ گوندى باریكه‌ى سه‌ر به‌ شارى كه‌لار كه‌وته‌وه‌ و ئه‌ویش به‌هۆیه‌وه‌ بڕێكى زۆر له‌جاڕ و پوشوپاوان و گژوگیا سووتاوه‌، به‌ هه‌موو ئه‌و ئاگرانه‌وه‌ نزیكه‌ى 30 دۆنم زه‌وى سوتاون". 

 وته‌بێژى پۆلیسى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "تیمه‌كانى ئاگر كوژێنه‌وه‌ توانیویانه‌ دووان له‌و ئاگرانه‌ كۆنتڕۆڵبكه‌ن، له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدان بۆ كوژاندنه‌وه‌ى ئاگره‌كه‌ى گوندى باریكه‌".

له‌بارى هۆكارى ئاگركه‌وته‌وه‌كانیشه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: "تا ئێستا  هۆكارى كه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگرانه‌ نه‌زانراون". 

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure