سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆشدارى ده‌داته‌ هاووڵاتیان

هەواڵ / کوردستان :: 04/06/2019‌ :: 414‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتیانى سنوره‌كه‌ كه‌ ڕۆژانى جه‌ژن و بۆنه‌كان نه‌قۆزنه‌وه‌ بۆ دروستكردنى خانوو و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر زه‌وى شاره‌وانى، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى سزاى یاسایى و مادیشیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتیان بۆنه‌ و جه‌ژنه‌كان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان ده‌قۆزنه‌وه‌ و ده‌ستده‌كه‌ن به‌ دروستكردنى خانوو و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌ موڵكى شاره‌وانین، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ پۆلیس و چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیدار لیژنه‌یه‌كى ئێشكگرى گه‌ڕۆكمان دروستكردووه‌ و ڕێگه‌ ناده‌ین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستدرێژى بكرێته‌ سه‌ر موڵكى گشتى.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ى ڕابوردوودا لیژنه‌كانمان به‌ شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه‌یان كردوه‌ كه‌ گومانیان لێده‌كرێت به‌ شێوه‌ى نایاسایى خانوویان له‌سه‌ر دروستبكرێت، هه‌ر له‌و چوار چێوه‌یه‌شدا چه‌ند هه‌یكه‌لێكمان ڕووخاندوه‌ و چوار هاووڵاتى سه‌رپێچیكاریشمان ده‌ستگیركردوه‌ و ڕووبه‌ڕووى یاسا كراونه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌: هۆشداریشى دایه‌ هاووڵاتیانى سنوره‌كه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك رۆژانى جه‌ژن و بۆنه‌كان به‌كارنه‌هێنێت بۆ دروستكردنى خانوو و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر زه‌وى شاره‌وانى، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى سزاى یاسایى و مادیشییان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure