ئاگر چه‌ند ناوچه‌یه‌كى سنورى هه‌ڵه‌بجه‌ى گرته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 03/06/2019‌ :: 254‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ رایدەگەیەنێت: له‌ دوانیوڕۆى ئه‌مڕۆوه‌ ئاگرێكى به‌هێز چەند گوندێکی گرتوه‌ته‌وه‌ و تائێستاش كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌، هاوكات له‌ دوێنێوه‌ تا ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ 50 دۆنم دارستان و پوش و پاوان سوتاون.


زانیار عومه‌ر، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆوه‌ به‌ هۆكارێكى نادیار ئاگر له‌ زنجیره‌ شاخه‌كانى ناوچه‌ى هه‌ورامان له‌ نزیك گوندى (یاڵانپێى)ى سه‌ر به‌ناحییه‌ى خورماڵ و ده‌وروبه‌رى كه‌وتوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ تیمه‌كانى ئاگر كوژێنه‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنى ئاگره‌كه‌ به‌ڵام به‌هۆى سه‌ختى ناوچه‌كه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت، هاوكات هه‌ر ئه‌مڕۆش له‌ زنجیره‌ شاخه‌كانى ده‌وروبه‌رى گوندى (گه‌چێنه‌)ى سه‌ر به‌ناحییه‌ى بیاره‌ ئاگر كه‌وتوه‌ته‌وه‌، تائێستاش قه‌باره‌ى زیانه‌كانمان بۆ ئاشكرا نه‌بووه‌.

وتیشی: "شه‌وى رابوردووش ئاگرێكى به‌هێز له‌ دیوى ئێرانه‌وه‌ هاته‌ خاكى هه‌رێمى كوردستان و سنورى گونده‌كانى (نارنجڵه‌ و زه‌رده‌هاڵ) و چه‌ند گوندێكى دیكه‌ى گرته‌وه‌  و به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ى 50 دۆنم له‌ پوش و پاوان و دارستانى ناوچه‌کە سوتان، به‌ڵام به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ بنكه‌كانى ئاگر كوژێنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ و سیروان توانیمان ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ین".

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ داواى لە هاوڵاتیانكرد له‌ كاتى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگره‌كاندا هاوكارى تیمه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ بكه‌ن و هه‌روه‌ها كاتێك ده‌چنه‌ ده‌شت و ده‌ر به‌ وریاى مامه‌ڵه‌بكه‌ن و ئه‌و ئاگره‌ى ده‌یكه‌نه‌وه‌ دڵنیابن له‌ كوژاندنه‌وه‌ى پاشان جێگاكه‌ جێبهێڵن.

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure