ترامپ پرسى ژینگه‌ و كۆمپانیاى هواوى له‌ بریتانیا تاوتوێده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 03/06/2019‌ :: 168‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ سه‌ردانێكى چه‌ند رۆژه‌ گه‌یشته‌ بڕیتانیا و بڕیاره‌ پرسه‌كانى كه‌شوهه‌وا و ژینگه‌ و كۆمپانیاى هواوى چینى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى له‌نده‌ن تاوتوێبكات.


له‌ یه‌كه‌م رۆژى سه‌ردانه‌كه‌یاندا شاژنه‌ ئه‌لیزابێس، شاژنى بریتانیا پێشوازى له‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و هاوسه‌ره‌كه‌ى كرد.

بڕیاره‌ هه‌ردولا له‌ كۆشكى باكنگهام له‌ ئێواره‌ خوانێكى تایبه‌ت و مه‌راسیمى پێشوازیدا ئاماده‌بن.

پێشتر فڕۆكه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا (ئه‌یر فۆرس وان) كاتژمێر 9 به‌كاتى هاوینه‌ى بریتانیا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى ستانستد له‌ باكورى رۆژهه‌ڵاتى له‌نده‌ن نیشته‌وه‌.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا ترامپ چاوى به‌ ئه‌ندامانى خێزانى شاهانه‌ ده‌كه‌وێت، پێشبینیش ده‌كرێت پرسه‌كانى گۆڕانكارییه‌كانى ژینگه‌ و كۆمپانیاى هواوى چینى له‌گه‌ڵ تیریزا ماى، سه‌رۆك وه‌زیران تاوتوێ بكات.

به‌ر له‌ نیشتنه‌وه‌ى فڕۆكه‌كه‌شى ترامپ له‌ تویتێكدا هێرشى كرده‌سه‌ر سادق خان، سه‌رۆك شاره‌وانى له‌نده‌ن كه‌ به‌ كه‌سێكى "ته‌واو شكستخواردوو" ناویبرد پاش ئه‌وه‌ى خان رایگه‌یاندبوو كه‌ بریتانیا فه‌ڕشى سور بۆ ترامپ دانانێت.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دیدارى نێوان ترامپ و ماى سبه‌ى ئه‌نجامبدرێت و شاره‌زایان پێشبینى جیاوازى راوبۆچون له‌نێوانیاندا ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ پرسى كه‌شوهه‌وا و ژینگه‌، پێشتر سه‌رۆك وه‌زیرانى بریتانیا رایگه‌یاند: وڵاته‌كه‌ى رێوشوێنى بڕیارێكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ده‌رباره‌ى كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنى پاریس له‌ 2017 پوچه‌ڵكردوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ك هه‌ردوو سه‌ركرده‌ پرسى هواوى تاوتوێده‌كه‌ن، كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان خستویه‌تیه‌ لیستى ره‌شه‌وه‌ به‌هۆكارى ئه‌منى، له‌كاتێكدا بریتانیا رێگه‌ به‌ كۆمپانیا چینیه‌كه‌ ده‌دات تۆڕه‌كه‌ى تایبه‌ت به‌ نه‌وه‌ى پێنجه‌مى ئینته‌رنێت په‌ره‌پێبدات.

وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure