له‌ سلێمانى شوێنی بینینى مانگ دەگۆڕدرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 5581‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

لیژنەی بینینی مانگ لە سلێمانی شوێنی بینینى مانگ دەگۆڕن و شاخێكی دیكە بۆ ئه‌و كاره‌ ھەڵدەبژێرن.


فەرەیدون غەریب، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ى حوزه‌یرانى 2019) بە دواڕۆژی وت: "بڕیاری دیاریكردنى یه‌كه‌م رۆژی جەژن لەلایەن لیژنەی باڵا دەبێت لە ھەولێر کە لە کاتژمێر 7 بۆ 7:20 خولەک یەکلایی دەکەنەوە".

وتیشی: "ئێمە لە سلێمانی بۆ ھاوکاری لیژنەی باڵای ھەولێر تیمێکی سێ کەسی دەنێرین بۆ شاخی گۆیژە، چونکە گۆیژە 1700 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، به‌ڵام شاخی گڵە زەردە 1300 مەتر بەرزە کە ساڵانی پێشتر ھەر لە گڵە زەردەوە سەیری مانگدەکرا، بەڵام ئەمساڵ لە شاخی گۆیژە دەبێت چونکە بەرزترە".

ساڵانه‌ له‌ كۆتا رۆژه‌كانی مانگی ره‌مه‌زاندا وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی باڵا بۆ بینینی مانگ پێكده‌هێنێت و سێ لیژنه‌ی تریش له‌ شاره‌كانی دهۆك و سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ شوێنه‌ به‌رزه‌كان كۆده‌بنه‌وه ‌و چاودێری بینینی مانگ ده‌كه‌ن.

فەرەیدون غەریب راشیگەیاند: به‌پێى پێشبینى من به‌ رێژه‌ى 80% ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ سبه‌ى بكرێته‌ یەکەم ڕۆژی جەژن.

پێشتر نه‌به‌ز ئیسماعیل، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 29ی ره‌مه‌زان، لیژنه‌ی باڵای بینینی مانگ له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كۆده‌بێته‌وه‌ و چاودێری بینینی مانگ ده‌كات.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف داواشی له‌ هاووڵاتیان كرد به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ گونده‌كان نیشته‌جێن چاودێری بینینی مانگ بكه‌ن و هه‌ر كه‌سێك مانگی بینی راسته‌وخۆ سه‌ردانی نزیكترین یه‌كه‌ی ئیداری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بكات، یان په‌یوه‌ندی بكات به‌ به‌رپرسانی لیژنه‌ی باڵای بینینی مانگ و شاهیدی بدات كه‌ مانگی بینیوه‌.

به‌پێی پێشبینییه‌ فه‌له‌كییه‌كان سبه‌ی ته‌واوكه‌ری مانگی ره‌مه‌زانه‌، به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیش گه‌ر له‌ 29ی مانگی ره‌مه‌زان هیچ كه‌س و لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار مانگی نه‌بینی، پێویسته‌ 30 رۆژ له‌ مانگی ره‌مه‌زان ته‌واو بكرێت و رۆژی دواتر بكرێته‌ جه‌ژن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure