بۆ ڕۆژانی جه‌ژن میوانخانه‌ و چێشتخانه‌كان كراوه‌ده‌بن

هەواڵ / کوردستانی :: 03/06/2019‌ :: 210‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: ڕۆژانی جه‌ژن زۆربه‌ی چێشتخانه ‌و میوانخانه‌كان كراوه ‌ده‌بن و ئوتێل و چێشتخانه ‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌بێ له‌ ڕۆژانی جه‌ژن پێشوازی له‌ گه‌شتیاران بكه‌ن.

 

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 3ی حوزه‌یرانی 2019) نادر رۆستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پێشوازی له‌ گه‌شتیاران بۆ هه‌رێم ئه‌نجامدراوه ‌و كۆمه‌ڵه‌ی چێشتخانه ‌و میوانخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش داوایان له‌سه‌رجه‌م ئوتێل و چێشتخانه‌ و میوانخانه‌كان كردووه‌، له‌ماوه‌ی ڕۆژانی جه‌ژندا ده‌رگایان به‌ڕووی گه‌شتیاران واڵا بێت.

 

نادر رۆستی وتی: "هیچ بودجه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كارییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمەوە دابین نه‌كراوه‌، به‌ڵكو به‌هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت ئاهه‌نگی گشتی و تایبه‌ت له‌ ئوتێل و مۆتێل و چێشتخانه ‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان ئه‌نجامده‌درێت."

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: بۆ ئه‌مساڵ هیچ گرفتێك بۆ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی گه‌شتیاران روو نادات، چونكه‌ سه‌رجه‌م مۆتێل و هوتێل و گوندە گه‌شتیارییەكان كراوه‌ن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: لەم قۆناغەدا ژمارەی ئۆتێل و چێشتخانە و ڕێستۆرانت و مۆڵەكان باشن بەراورد بە ژمارەی گەشتیاران له‌ ئاستێكی باشدایه‌ و لەڕووی ئۆنلاینیشەوە گەشتیاران دەتوانن ئاشنا بن بە شێوازی خزمەت و نرخەكان.

 

ناوبراو، ئاشكراشیكرد: له‌ هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌زار و 460 شوێنی گه‌شتیاری هه‌ن‌ كه‌ 524 میوانخانه‌ و 282 مۆتێل و 72 گوندی گه‌شتیاریی و هه‌زار و 582 رێستۆرانت و كافتریا و 71 هه‌زار قەرەوێڵه‌ هه‌یه‌.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure