هاووڵاتیانی هەرێم بۆ جەژنی رەمەزان روو لەدەرەوەی وڵات دەكەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 03/06/2019‌ :: 2065‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

"مەبەستمانە ئەم جەژنە لەتوركیا بەسەر ببەین، چونكە زۆربەی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان گەڕاوین"، ئەوە قسەی مەهدی ئەحمەدە کە هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە و بۆ جەژنی رەمەزان لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی گەشتی دەرەوە دەكات.


مەهدی تەمەنی 42 ساڵە و دوكانی فرۆشتنی قوماشی هەیە لەشاری سلێمانی، ئەو باوكی دوو منداڵە و خێزانەكەشی فەرمانبەرە بۆیە لەڕووی داراییەوە كێشەیان نییە و بەدواڕۆژی وت: "نزیكەی سێ ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە گەشتی دەرەوە بكەین، بۆیە دوای ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابورییە، ئەمساڵ تاڕادەیەك باری ئابووریمان باشبووە و بۆ جەژنی رەمەزان گەشتی توركیا دەكەین".

مەهدی دەڵێت: "پێشتر چووینەتە وڵاتی ئێران، بەڵام تائێستا توركیامان نەبینیوە، بۆیە خێزان و منداڵەكانیشم پێیان باشبوو بڕۆینە توركیا، جگە لەوەش بەهۆی ئەم قەیرانە سیاسییانەوە هەموو تاكێكی كورد پێویستی بەگەشتكردنە". 

مانگی رەمەزان بەرەو كۆتایی دەڕوات، رۆژی سێشەممە یان چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەفتەیەك پشووی بەو بۆنەیەوە راگەیاندووە كە لە رۆژی یەكشەممەوە دەستی پێكردوە و یەكشەممەی داهاتوو كۆتایی دێت.

ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی رەمەزان و قوربان، هاوشێوەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان، بەهەمانشێوە گەشتیارانیش روو لەدەرەوەی وڵات دەكەن، بەوتەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان، بۆ جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ گەشتیار بەهەمانشێوەی ساڵانی رابوردوو دەڕۆنە دەرەوەی وڵات.

گەشتكردنی هاووڵاتیانی كوردستان بۆ دەرەوە زیاتر بۆ وڵاتانی كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیایە، وەك نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت: "گەشتی خەڵكی كوردستان بۆ دەرەوە بەپێی نزیكی و دووری كاریگەری خۆی هەیە، بۆ نموونە توركیا و ئێران خەرجییان كەمترە و لەڕووی كلتوریشەوە لەبەرئەوەی كوردی تێدایە لێك نزیكین".

سەرچاوەیەك لەنووسینگەی سلێمانی كۆمپانیای توركیش ئێرلاین بەدواڕۆژی راگەیاند: ساڵانە جەژنەكان و وەرزی هاوین كاتی گەشتكردنە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەوان گەشتیاری بەشێوەی گروپ ناكەن تەنیا بلیتی فڕۆكە دەفرۆشن، ئەمساڵ گەشتی شاری ئەنتاڵیا بەشێوەی راستەوخۆ هەیە و گەشتیار زیاتر روو لەئەنتاڵیا دەكەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد: ئەمساڵیش گەشتیار هەیە بەشێوەی تاك سەردانی وڵاتی توركیا دەكەن، بەڵام ئێستا ئامارێكی وردیان لەو بارەیەوە لەبەردەستدا نییە.

بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەپایزی ساڵی 2017 توركیا و ئێران گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان راگرت، هەرچەندە ئێران زووتر گەشتی ئاسمانی بەڕووی كوردستان كردەوە، بەڵام توركیا سەرەتا گەشتی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كردەوە و پاشان بەبیانووی "جموجۆڵی پەكەكە" لەسنووری پارێزگای سلێمانی درەنگتر گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كردەوە، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵدا گەشتەكانی توركیا بۆ سلێمانیش كرایەوە. 

رەوا ئەكرەم، خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیارییە بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆ جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ فشارێكی زۆری گەشتیارانیان لەسەرە بۆ شارەكانی ئیستانبوڵ و ئەنتاڵیا، چونكە ئەمساڵ لەسلێمانییەوە راستەوخۆ گەشت بۆ ئەنتاڵیا دەكرێت، بێگومان كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش كاریگەری باشی بۆ گەشتەكانی توركیا هەیە، گەشت بۆ جەژنی رەمەزان بۆ شارەكانی ئەنتاڵیا و ئیستانبوڵ لە 499 دۆلارەوە دەستپێدەكات و بۆ ماوەی هەفتەیەك دەمێننەوە.

هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان جگە لەگەشتكردنیان بۆ وڵاتانی توركیا و ئێران، گەشتی وڵاتانی دیكەش دەكەن، ئارام بەرزنجی، خاوەنی كۆمپانیایەكی دیكەی گەشتیارییە بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: لای ئەوانەوە بۆ جەژنی رەمەزان تائێستا نزیكەی 50 گەشتیار بەشێوەی گروپ گەشتی وڵاتی ئێران دەكەن، بەهەمانشێوە گەشتیاران دەڕۆنە وڵاتانی توركیا و جۆرجیا و مالیزیاش.

بەپێی ئاماری دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لەجەژنی رەمەزانی ساڵی رابوردوودا نزیكەی 250 هەزار گەشتیار روویان لەكوردستان كردوە كە پشكی شێریان بەر هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكەوێت، بۆیە ئامانجی سەرەكی دەستەی گەشتوگوزار زیادكردنی ئەو ژمارەیەیە بۆ جەژنی رەمەزانی ئەمساڵیش، بەڵام ئەوان نیگەرانن لەچوونە دەرەوەی گەشتیار بۆ دەرەوەی وڵات، چونكە زیان بەئابووری وڵات دەگەیەنێت.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بەدواڕۆژی راگەیاند: چوونە دەرەوەی گەشتیار بۆ دەرەوەی كوردستان مافی ئاسایی خۆیانە، بەڵام سوود و زیانی هەیە، سوودەكەی ئەوەیە ئەگەر گەشتیار بیەوێت زانیاری و رۆشنبیری گەشتیاری خۆی فراوان بكات ئەوە زۆر باشە، بۆ نموونە بەشێك لەسەرمایەداران كە پڕۆژەیان كردووە ئەوانەن كە لەدەرەوە ئەزموونیان پەیدا كردوە.

بەبۆچوونی رۆستی، زیانی چوونە دەرەوەی گەشتیار بۆ دەرەوە لایەنی ئابوورییە و وتی: "هەر گەشتیارێك لانیكەم بڕی 400 دۆلار دەباتە دەرەوە، ئێمە ئاماری چوونە دەرەوەی گەشتیارمان لا نییە، چونكە ئامانجی ئێمە چوونە دەرەوەی گەشتیار نییە، بەڵكو راكێشانی گەشتیارانە، بۆیە هەمیشە مەبەستمانە كەرتی گەشتیاری پێشبخەین".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی كە بەدواڕۆژ دراوە، لەجەژنی رەمەزانی ساڵی رابوردوودا نزیكەی 113 هەزار گەشتیار روویان لەپارێزگاكە كردوە.

ئارام شوانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی پێیوانییە چوونە دەرەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیاری لەدەرەوەی وڵات كاریگەری زۆری هەبێت و بەدواڕۆژی وت: "جەژنی رەمەزانی ساڵی رابوردوو 113 هەزار گەشتیار روویان لەپارێزگای سلێمانی كردووە، بەڵام بەراورد بەوەش باوەڕ ناكەین هەزار گەشتیار روویانكردبێتە دەرەوە، بۆیە ئەوەندەی گەشتیار دێن ئەوەندە ناڕۆنە دەرەوە".

ئابووریناسان قسەیەكی دیكەیان بۆ چوونە دەرەوەی گەشتیارانی كوردستان بۆ دەرەوە هەیە و وەكو كامەران ئەحمەد، پسپۆری ئابوری بۆ دواڕۆژی باسكرد: خەڵك پارەی خۆیەتی و ئازادە لەكوێ سەرفی دەكات، خۆ ئەگەر ئەو پارەیە بۆ ناوخۆی كوردستان خەرجبكرێت باشترە، بەڵام كاتێك پارە دەبرێتە دەرەوە بێگومان تەرازووی ئابووری لاسەنگ دەبێت.

ناوبراو روونیكردەوە: بەڵام لێرەدا ئارەزووی بەكارهێنەر رۆڵ دەبینێت و حەز دەكات گەشت بكات و شوێنێكی دیكە ببینێت، بۆیە ئەو كاتە گەشت بۆ دەرەوە دەكات.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە