یارییه‌ ئاگرینه‌كان سەرەڕای قەدەغەکردنیان دەهێنرێنە هەرێمی کوردستانەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 344‌ جار بینراوە
یارییه‌ ئاگرینه‌كان

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو


كاتێك باس له‌ جه‌ژن ده‌كرێت له‌ هه‌رێمى كوردستان راسته‌وخۆ وێنه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى خێزان، جلى نوێ، یاریكردن و گه‌ڕانى به‌ كۆمه‌ڵى منداڵانمان بۆ نوقڵ دێته‌ به‌رچاو. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م وێنه‌یه‌دا وێنه‌یه‌كى تر هه‌یه‌ كه‌ به‌ ناشیرینى له‌ مێشكماندا جێگیربووه‌، ئەویش ده‌نگى یارییه‌ ئاگرینه‌كانە كه‌ بەردەوام سەرەڕای قەدەغەکردنیان، کەچێ لە سنورەکانەوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستانەوە.


نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "هەموو ساڵێک لە جەژن و بۆنەکاندا پێش لە فرۆشتنی ئەو یارییانە دەگرین، کە مەترسیدارن بەتایبەت یارییە ئاگرینیەکان".

وتیشى: "هەموو ئەو جۆرە یارییانەی دەهێندرێنە بازاڕ دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی سزادەدرێت".

 قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: کێشەی سەرەکی ئێمە لە سنوورەکانە کە دەبێت ئەوان ڕێگری بکەن لە هاتنەناوەوەی ئەو جۆرە یارییانە.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ نیاز مورتکەیی، فرۆشیارى یاری منداڵان به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: دوو ساڵە ئەو جۆرە یارییانە نافرۆشم، چونکە رووداوی زۆر دڵتەزێنم بینیوەو منداڵەکەی خۆم بە یاری ئاگرین دەستی سوتاوە، بۆیە بڕیارمدا کار لەو یاریانە نەکەم و نه‌یانفرۆشم.

ئازاد ڕەمەزان، فرۆشیارێکی دیکەیە، به‌پێچه‌وانه‌ى بۆچونى  مورتکەیی و به‌پێچه‌وانه‌ى یاساشه‌وه‌ یارییه‌ ئاگریینه‌كان ده‌فرۆشێت و دەڵێت: "بۆ ئەمساڵ بڕێکی زۆر لە یارییە ئاگرینەکانم کڕیووە لە وڵاتی چین، بەڵام بە هەموو کەسێکى نافرۆشم و کڕیاری تایبەتم هەیە، چونکە پۆلیس پێمان بزانێت دەستی بەسەر دادەگرن".

 دەشڵێت: "ئەو یاریانەی من دەیانفرۆشم مەترسیدار نین، دوای گڕتێبەردان کە دەکەوێتە سەر زەوی یان هەر شتێک گڕناگرێتەوە جارێکی دیکە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی هیچ داتایەک نییە بۆ تۆمارکردنی هاوردەی ئەو جۆرە یاریانە، له‌وباره‌یه‌وه‌ نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هه‌رێم ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ڕێگە بە هاوردەکردنی ئەو یارییە مەترسیدارانە نادەن، نایشیشارینەوە کە ئەوەی دێت بە ڕێگەی قاچاغ هاوردە دەکرێت".

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژن منداڵان لە شەوی جەژن و رۆژانی جەژن بەمەبەستی خۆشی دەربڕین یارییە ئاگریینیەکان بەکاردەهێنن، بەڵام زۆرینەی کات ئەمە بە روداوی دڵتەزێی سوتان و برینداربوون کۆتایی دێت.

پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure