عێراق هه‌زار منداڵى داعش ره‌وانه‌ى وڵاته‌كانیان ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 03/06/2019‌ :: 186‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى عێراق راده‌ستكردنه‌وه‌ى هه‌زار منداڵى داعش-یان به‌ وڵاته‌كانیان راگه‌یاند، دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى دادگاى تاوانى ناوه‌ندى عێراق-یش ده‌ڵێت: "سه‌رجه‌میان رێكاره‌ یاساییه‌كانیان ته‌واوبووه‌".


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ (رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 2ى حوزه‌یرانی 2019)، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى عێراق-ه‌وه‌، تیایدا هاتووه‌: "له‌پاش ئه‌نجامدانى كاروبارە یاساییه‌كانیان ئه‌مڕۆ دادگاى تاوانى ناوه‌ندى بڕیاریدا به‌ گێڕانه‌وه‌ هه‌زار منداڵى نه‌وه‌ى داعش بۆ وڵاته‌كانى خۆیان كه‌ له‌دواى ئازادكردنى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش به‌جێماون".

دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى دادگاى تاوانى ناوه‌ندى له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و منداڵانه‌ زۆرینه‌یان ناسنامه‌یان دیاره‌، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان هاتونه‌ته‌ ناو عێراق له‌ وڵاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ داعش-ه‌وه‌ بكه‌ن، به‌شێكیشیان له‌ڕێگەى هاتن بۆ عێراق له‌دایكبوون، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ بڕیارمانداوه‌ ره‌وانه‌ى وڵاته‌كانی خۆیانیان بكه‌ینه‌وه‌".

له‌باره‌ى ته‌مه‌نى ئه‌و منداڵانه‌وه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ته‌مه‌نى ئه‌و منداڵانه‌ له‌نێوان كه‌متر له‌ ساڵێك بۆ 16 ساڵیدایه‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌ خانه‌كانى چاكسازیدان له‌ عێراق له‌گه‌ڵ دایكیاندا".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "به‌شێك لە باڵیۆزخانه‌كان داواى ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و منداڵانه‌یان كردوه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌بووه‌ته‌ دیارده‌، زۆرینه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌شى كه‌ ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى-ین وه‌ك ئه‌رده‌ن، سوریا و میسر".

به‌ وته‌ى دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى دادگاى تاوانى ناوه‌ندى: "له‌نێو ئه‌و منداڵانه‌ى كه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ 77یان روسی-ین، 35یان توركن، 77یان خه‌ڵكى ئازه‌ربایجانن، 10یان ئه‌ڵمانین، 5یان فڕه‌نسین، 3 دانه‌یان سویدین، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى بیلاروسى، سویدى و ئۆكرانیشیان تێدایه‌".

و: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure