زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ئه‌نجامى پشكنینی منداڵه‌ ونبووه‌كان له‌ به‌ریتانیا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 02/06/2019‌ :: 205‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: زیاتر له‌ ساڵێكه‌ پشكنینی منداڵە ونبووەکانمان ڕه‌وانه‌ى سه‌نته‌رێکی بریتانی كردووه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌نجامەکەی نه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌.


ئه‌و پشكنینانه‌ى كه‌ له‌ كه‌سوكارى منداڵه‌ ونبووه‌كان و منداڵانى دۆزراوه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ نێردراوه‌ته‌ سه‌نته‌رێكى وڵاتى به‌ریتانیا، ئه‌نجامه‌كانیان له‌ رێگه‌ى دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

كاوه‌ عه‌لی، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: له‌سه‌ر داواى كه‌سوكارى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌و منداڵانه‌ى كه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌و بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ منداڵى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ن، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌ پشكنین بۆ كه‌سوكارى 74 منداڵى ونبوو ئه‌نجامدراوه‌و ڕه‌وانه‌ى سه‌نته‌رێكى به‌ریتانى كراوه‌ به‌ مه‌به‌ستى ئاشكراكردنى ئه‌نجامه‌كانیان.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌مه‌به‌ستى ڕاپه‌ڕاندنى كاروباره‌كانى تایبه‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ى منداڵه‌ ونبووه‌كان، لیژنه‌یه‌كى باڵا پێكهێنراوه‌، به‌جۆرێك ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ دوو به‌ش پێكهاتبوو كه‌ به‌شى گه‌ڕان و ئاشكراكردنى شوێنى منداڵه‌ ونبووه‌كان له‌لایه‌ن دیوانى پارێزگاوه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرا، هه‌روه‌ها به‌شى ناساندن و دۆزینه‌وه‌ى كه‌سوكارى منداڵه‌ ونبووه‌كانیش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرا.

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ئه‌و پشكنیناه‌مان ڕه‌وانه‌ى ئه‌و سه‌نته‌ره‌ به‌ریتانییه‌ كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامى پشكنینه‌كان نه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ركات ئه‌نجامه‌كان گه‌ڕێنرانه‌وه‌، ئاڕاسته‌ی دادگا ده‌كرێت و  ئه‌نجامه‌كان ئاشكراده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، 74 خێزان هه‌ن كه‌ چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی 179 منداڵی ونبویانن.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure