پێداگرییەكەی قوباد تاڵەبانی لەسەر كۆنگرە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 01/06/2019‌ :: 200‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

شێرزاد ئێزدی

لەساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیدا قوباد تاڵەبانی لەپەیامی پیرۆزباییەكەیدا تەنها پێداگریی لەسەر یەك بابەت كردەوە: بەستنی كۆنگرە. هەندێك كەس لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسیان لەوەكردووە ئەم داواكارییە پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی یەكێتییەوە هەیەو بابەتێكی تەواو حیزبییە، بۆیە ئەوەی نەدەهێنا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و كوڕی مام جەلال بیكاتە تەوەری سەرەكی پەیامێكی ڤیدیۆیی لەساڵیادی یەكێتیدا كە ئێستا چەندین ئەركی لەسەر شانە لەپێش هەموویانەوە كەركوك و چۆنییەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەم بۆچوونە ئەوەی لەبەرچاو نەگرتووە كە بەشی هەرە گەورەی ئەو كێشانەی ئێستا ڕوبەڕووی یەكێتی بوونەتەوە هۆكارەكەی چەقبەستنی كایەی حیزبی و نوێ نەبوونەوەو نەبەستنی كۆنگرەیە كە سەرچاوەی سەرەكی شەرعیەت و وێستگەی سەرەكی داڕشتنی پەیڕەو و پرۆگرام و داڕشتنی دیدگای نوێیە.  

كۆنگرە سەرچاوەی شەرعیەتە، هۆكاری دەرگا كردنەوەیە لەبەردەم وزەو توانایەكی زۆری ژنان و گەنجان و كادیرانی بە جۆش و خرۆشی خوارەوەی یەكێتی كە مافی بێ چەندوچونی خۆیانە لەناوەندەكانی بڕیارەكانی حزبەكەیان بەشداربن و چیتر لەسەر كورسی بینەران و تەماشاكەران دانەنیشن یان تەنها لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گلەیی و گازندە نەكەن. 

یه‌كێتی كە حیزبێكی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌و شەریكی پاراستنی سەنگەرەكانە، ساڵانێكی دوورودرێژ مێژووی خه‌باتی سیاسیی نوێی كوردستانی نوسیوەتەوە، خاوەن پشكی شێری بەشی گەورەی سەروەرییەكانە، بەڵام ئێستا لەپاش كۆچی دوایی ڕابەرەكەی كە مام جەلالە لەدۆخی چاوەڕوانی و ڕاڕاییدا دەژی و هەمیشە لەبڕیارداندا كات و راوێژی زۆری پێویستە، چونكە بۆشایی لەنێوان جەماوەرو كادیران و بەرپرسە باڵاكانیدا هەن و هەموو ئەمەش بەرەنجامی دواخستنی كۆنگرەیە. 

پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی جگە لەوەی پەنجەی خستۆتە سەر كێشە سەرەكییەكەی یەكێتی، بەناڕاستەوخۆ نیگەرانی و ناڕەزایی لەڕەوشی ئێستا بەرێوەبردنی یەكێتی تێدایە كە زیاتر لەمینبەرو دوانگەیەكی بۆ هەڵوێست دەربڕین هەیەو بەهۆی كۆتاییهاتنی وادەی حیزبی بەرپرسانی ئێستاو جۆش و خرۆشی كادیرانی ناوەڕاست و خوارەوەش زۆرجار بەریەككەوتن و جۆرێك لەنەتەبایی ڕوودەدات كە ڕەنگدانەوەی لەمیدیاكانیشدا هەیە.

وەك مام جەلال هەمیشە دەیوت یەكێتی هیچ كەسی لێ زیاد نییە، پێداگرییش لەسەر كۆنگرە هیچ كات بەمانای فەرامۆشكردن یان خانەنشینكردنی سەركردەكانی ئێستای یەكێتی نییەو نایەت، بەپێچەوانەوە كۆنگرە كەڵك و دەرفەت وەرگرتنە بۆ ئەوەی تا ئەو سەركردانە چالاك و تەندروستن لەبەردەستی ئەوان و بەدیارچاوی ئەوانەوە نەوەی ئایندەی یەكێتی بكەونە سەرپێ و ڕاستەڕێ و كەڵك لەئەزموون و شارەزایی و كارنامەی ئەوان وەرگرن، ئەمەش پێش ئەوەی سوننەتی ژیان بێت، ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی حیزبییە، چونكە یەكێتی تەنها حیزبی مێژوو رابردوو ئێستا نییە، بەڵكە ئایندەو دوا رۆژیشی لەبەرچاوەو دەبێت لەئێستاوە لەخەمیدا بێت.

قوباد تاڵەبانی لەوەدا راستە كە زه‌مانه‌تكردنی هەستانەوەی یەكێتی به‌ته‌نها له‌ڕێگای كۆنگرەوە دەبێت، بۆ ئەوەی یەكێتی بچێتەوە سەر رێچكە سروشتی و بنەڕەتییەكەی خۆی كە نوێبوونەوەو هەوڵدانە بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بەو میكانیزم و رێگایانەی لەڕابردوودا یەكێتی پەیڕەوی لێدەكرد وەك حزبێكی جیاواز لە مۆدێلی ئەو حزبانەی لەگۆڕەپانی كوردستاندان. 

بەهۆی نەبوونی سەركردایەتییەكی خاوەن شەرعیەتی تەواوی حزبییەوە زۆربەی پرسە چارەنوسسازەكانی یەكێتی ئەمساڵ دەدرێنە دەست ئەوساڵ و جگە لەوەی تا ئێستا نەیتوانی لەگەڵ گۆڕان بگاتە رێگاچارەیەكی هاوبەشی كاركردن، ئەوەتا لەگەڵ پارتیش نە ئەتوانێت وەك هاوپەیمانێكی راستەقینە بڕوات یان ببێتە ركابەرێكی سیاسی تەندروست، بەشی گەورەی چارەسەری ئەم پرسانەش بە بارودۆخی ئێستای كەركوكیشەوە تەنها رێكخستنەوەی ماڵی یەكێتی دەكرێت كە ئەویش ئەركی كۆنگرەیە كە لە پەیامەكەی قوباد تاڵەبانیدا تاقە ئەركی ئێستایە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure