ئەوەی بارانی ئەمساڵ بەجوتیارانی دا ئاگر لێی سەندنەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 228‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو


نزیکەی مانگێکە گەنمی جوتیارانی گوندەکانی مەخموور و سەرگەڕان دەسووتێندرێن، جوتیارانیش سووتانی دەغڵ و دانیان دەخەنە ئەستۆی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی و دەڵێن "ئەوەی بارانی ئەمساڵ پێیداین، ئاگر لێی سەندینەوە".

غازی عەلی، جوتیارێکی گوندی پەڵکانەیە بە چاوێکی پڕ حەسرەت و دڵگرانییەوە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئەمساڵ دڵمان خۆشبوو کە باران زۆر باری و بەرهەممان زۆر دەبێت، بەڵام عەرەبە داگیرکەرەکان بەس لەبەرئەوەی کوردین و نەمانهێشت زەوییەکانمان داگیر بکەن، بۆیە بەبەرچاوی هێزە عێراقییەکانەوە زەوییەکانیان سووتاندین، بۆمان نەبوو بڵێین بۆ، چونکە تەقەیان لێدەکردین.

هەزاران دۆنم زەوی سووتێندراون
غازی عەلی، باس لە زیانەکانی دەکات و دەڵێت: "ئەمساڵ ئۆتۆمبێلەکەشم فرۆشت بۆ تۆوکردنی زەوییەکانم، بەڵام نەمزانی وایلێدێت ئێستا من زیاتر لە 25 هەزار دۆلار زیانم بەرکەوتووە، بەجارێک ماڵم وێران بووە، نازانم کێ قەرەبووم دەکاتەوە.

فەرهاد حاجی، جوتیارێکی دیکەی سەرگەڕانە و دەڵێت: "کاتێک چەند زەوییەک سووتێندرا، ویستم هی خۆم بدورمەوە، بەڵام هەر خاوەن دەڕاسەیەکی تەلەفۆنم بۆ دەکرد نەدەهات، چونکە هێزە عێراقییەکان و عەرەبەکان تەقەدەکەن بەمەبەستی کوشتن، دەشڵێت: "ئەوانەی بەناوی داعشەوە گەنممان دەسووتێنن و داعش نین، بەڵكو عەرەبەکان و حەشدی شەعبی-ن".

یەکێتی گشتی جووتیاران: بێدەنگ نابین لەهەمبەر ئەو زوڵمە
ڕێبین سەباح، ڕاوێژکاری یاسایی یەکێتی گشتی جووتیاران بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئێمە وەک یەکێتی گشتی جوتیارانی کوردستان پەیامی ناڕەزایی و کاردانەوەی ڕێکخراوەیی خۆمان گەیاندۆتە پەرلەمانی کوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندی دارەکان بەو پرسە، ئێوەو تەواوی جوتیارانی ئەو ناوچانە دڵنیا دەکەینەوە کە بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو زوڵم و هێرشانەی ئەکرێتە سەریان ڕاستەوخۆ دوایی جەژن کاردانەوەو وەڵامی یاسایی و مەدەنی زۆر خێراترمان دەبێ، چونکە بارودۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک ناکرێت کاردانەوەی خێرامان نەبێ، چونکە ئێمە خۆمان بە نوێنەری فەرمی جوتیاران دەزانین.

سەبارەت بەوەی کە کێن ئەو کارە تاوانکارییانە بەرامبەر بە جوتیاران ئەنجام دەدەن، ڕێبین سەباح، ڕایگەیاند "ئەوە ڕوون و ئاشکرایە چەند دەستێکن بەشێوەیەکی ڕێکخراو بە پلان کار دەکەن بۆ شێواندنی بارودۆخی ناوچەکە و ناچار کردنی خەڵکی ناوچەکە بە جێهێشتنی زەوییەکانیان و تۆڵە سەندنەوە لە خاوەن زەوییەکانی ئەو ناوچانە کە ناسنامەی کوردایەتی ناوچەکەیان پاراستوە.

بەپێی ئامارەکانی یەکێتی گشتی جووتیارانی کوردستان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوی جووتیاران لە سنوری كەركووك و ناحیەی دوبز و سەرگەڕان و پەڵكانە و گوندەكانی سووتێندراون.

بەپێی خەمڵاندنی جووتیاران بۆ هەر دۆنمێک زەوی دێمی تۆنێک گەنم بەرهەمیەتی و بڕی 500 هەزار دینار زیانی لێدەکەوێت، زەوی ئاودراویی ئامێری مەڕەشەش دوو تۆن بەرهەمیەتی واتا بڕی ملیۆنێک دینار زیانی لێدەکەوێت، بەپێی داتاکانی یەکێتی گشتی جووتیاران 75% گەنمی چێندراو بە مەڕەشە ئاو دەدرێت و 25% زەویی دێمییە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure