یه‌كێتى بڕیار له‌باره‌ى چۆنیه‌تى به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 31/05/2019‌ :: 2572‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال


ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: حزبه‌كه‌یان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى خۆیدا بڕیار له‌باره‌ى ئه‌وه‌وه‌ ده‌دات ئه‌گه‌ر پێش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پۆستى پارێزگارى كه‌ركوكى بۆ یه‌كلایى نه‌كرێته‌وه‌، چۆن به‌شدارى كابینه‌ى داهاتوو بكات.


مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژ-ى وت: "ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌یه‌ك له‌باربێت ده‌بێت یه‌كێتى و پارتى دابنیشن و قسه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بكه‌ن".

وتیشى: "ده‌بێت پێش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت یه‌كێتى و پارتى، بڕیار له‌باره‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك و پرسه‌كانى تره‌وه‌ بده‌ن، دواتر كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێكبهێنرێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پێش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك یه‌كلایى نه‌كرێته‌وه‌، ئایا یه‌كێتى به‌شدارى له‌ كابینه‌كه‌ ده‌كات، یاخود ده‌نگ به‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌دات بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌، مسته‌فا چاوڕه‌ش، وتى: "ده‌بێت له‌ناو یه‌كێتى خۆمان كۆبوونه‌وه‌ بكه‌ین و بڕیار له‌باره‌یه‌وه‌ بده‌ین".

رۆژى 28ى ئایارى 2019، به‌بێ به‌شدارى فراكسیۆنى یه‌كێتى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ده‌نگى 68 ئه‌ندام په‌رله‌مان نێچیرڤان بارزانى، وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌ڵبژارد، ئه‌مه‌ش به‌ تێكچوونى رێككه‌وتنى سیاسى نێوان یه‌كێتى و پارتى هه‌ژمار ده‌كرێت.

پ: ئا.ح





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure