ڤیدیۆ: دەیان دۆنم زەوی سوتێنرا

هەواڵ / کوردستان :: 31/05/2019‌ :: 731‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

لە سنوری قەزای داقوق دەیان دۆنم زەوی چێندراو بەگەنم و جۆی جوتیارانی کورد سوتێنرا و ئاگر گەیشتوەتە نزیک ماڵەکان.


رەجەب عاسی کاکەیی، چالاکوانی مەدەنی و دانیشتوی ناوچەی کاکەیی (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 31ى ئایارى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: لە گوندی تۆپزاوای ناوچەی کاکەیی ئاگر لە پارچە زەویەک بەردرا و بەتەواوەتی سوتا کە 22 دۆنم زەوی بووە.

وتیشی: "لە گوندی مەنسوڕی ناوچەی حەفتەغاریش گەنمی جوتیاران ئاگری گرتووە و تەواوی زەوییەکان سوتاون و ئاگر گەیشتوەتە کەناری ماڵەکانی گوندەکە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەهەوڵدان بۆ کوژانەوەی".

ئەو چالاکوانەی کاکەیی لەبارەی سوتاندنی زەوی جوتیارانی کورد بەرپرسیارێتیه‌کەی بەسەر سێ گروپدا دابەشکرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە زەوییەکانی داقوق لەلایەن داعشەوە دەسوتێنرێت، هەرچی زەوییەکانی سنوری دوبزیشە عەرەبی هاوردە بەرپرسیارێتی سوتاندنەکەی هەڵدەگرن و بەرپرسیارێتی زەویەکانی خانەقینیش لەسنوری قەسر شرینەوە سەرچاوەدەگرێت کە مەعلومە کێیە، چونکە ناوچەکە عەرەب و داعشی تێدانیە.

ناوچەی کاکەیی له‌ کۆمەڵە گوندەکانی (تۆبزاوە، عەلی سەرای، زەنقڕ ، عارەب کێوی و ئەلبو موحەممەد) و ده‌كه‌وێته‌ سنورى قه‌زاى داقوق كه‌ لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای کەرکوک-ە.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ئاگرێك له‌ ده‌غڵودانی جوتیارانی گوندی په‌لكانه‌ به‌ربوو

پارێزه‌ر گۆران دیبه‌گه‌یی به‌ دواڕۆژی وت: له‌ كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆوه‌ ئاگر له‌ ده‌غڵودانی جوتیارانی گوندی په‌لكانه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان به‌ربووه‌ و "تاوه‌كو ئێستا نه‌كوژاوه‌ته‌وه‌". 

ئه‌و پارێزه‌ره‌، كه‌ كه‌یسی جوتیارانی گونده‌كه‌ی ئاراسته‌ی دادگاكانی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق كردووه‌، وتیشی: "كێشه‌ی جوتیارانی گوندی په‌لكانه‌ تاوه‌كو ئێستا چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌ و ئه‌و ئاگره‌ی ئه‌مڕۆش كه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌و كێشانه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 600 دۆنم سوتاوه‌". 

گوندی په‌لكانه‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نزیك قه‌زای دووبز و سه‌رجه‌م دانیشتووانه‌كه‌ی كوردن و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس عه‌ره‌بی هاورده‌ گونده‌كه‌یان داگیركردبوو و ئێستاش هه‌مان ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ده‌یانه‌وێ جارێكی تر گونده‌كه‌ داگیربكه‌نه‌وه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure