هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى پارێزگایه‌ك ده‌خرێنه‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 31/05/2019‌ :: 3256‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌ مه‌به‌ستى رێگریكردن له‌هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو لیژنه‌ى ئه‌منى له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاریاندا له‌ رۆژانى جه‌ژنى ره‌مه‌زاندا هه‌ڵگرتنى چه‌كى بێ مۆڵه‌ت و فرۆشتنى ته‌قه‌مه‌نى و یارییه‌ ئاگرینه‌كان و به‌كارهێنانى ئۆتۆمبێلى جام ره‌ش قه‌ده‌غه‌بكرێت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی بخرێنه‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌.


نوخشه‌ ناسیح، قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 31ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌ مه‌به‌ستى پێشوازیكردن له‌ رۆژانى جه‌ژنى ره‌مه‌زان و پاراستنى سه‌روماڵى هاوڵاتیان و رێگریكردن له‌هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و به‌رگری شارستانی و تیمه‌كانی ته‌ندروستی، ده‌خرێنه‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌ و له‌ناو بازاڕ و گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌گشتیه‌كان جێگیرده‌كرێن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ رۆژانى جه‌ژندا به‌كارهێنان و فرۆشتنی ته‌قه‌مه‌نی و ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبیلی جام ره‌ش و هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت قه‌ده‌غه‌یه‌ و سه‌رپێچیكه‌رانیش رووبه‌ڕووى یاسا ده‌كرێنه‌وه‌.

قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌م چه‌ند رۆژه‌ى كه‌ ماوه‌ بۆ هاتنى جه‌ژنى ره‌مه‌زان، لیژنه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى سه‌ردانى بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش بۆ رێگریكرن له‌ هه‌وڵی گرانفرۆشی و ساغكردنه‌وه‌ی خۆراك و كاڵای خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌ نرخێكى هه‌رزانتر به‌ هاوڵاتیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هاوكاریكردنى هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانمان زیاتر یارمه‌تیمان ده‌دات هاوكارى هاوڵاتیان بكه‌ین.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

ب: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure