عه‌لاوى چه‌ند نهێنییه‌كى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ بارزانى-دا ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 31/05/2019‌ :: 5782‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

ئه‌یاد عه‌لاوى له‌ دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنیدا چه‌ند نهێنییه‌كى دوایین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ئاشكراده‌كات.


ئه‌یاد عه‌لاوى، سه‌رۆكى ئیئتلافى عێراقییه‌ له‌ دیمانه‌كه‌دا، كه‌ شه‌وى رابردوو له‌ كه‌ناڵى (التغییر) پێشكه‌شكرا رایگه‌یاند: داوایانلێكردم چاوم به‌ مه‌سعود بارزانى بكه‌وێت بۆ تاوتوێكردنى هه‌ندێك خاڵ، بێگومان له‌گه‌ڵى كۆبوومه‌وه‌، به‌وپه‌ڕى راشكاوانه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك قسه‌مانكرد، یه‌كه‌میان پرسى نه‌وت بوو، كه‌ نه‌وت له‌ڕێگه‌ى توركیاوه‌ هه‌نارده‌ى بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن، عادل عه‌بدولمه‌هدى پێیوتم كه‌ نزیكه‌ى 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن و هیچ به‌ عێراق ناده‌ن.

وتیشى: "له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌ڕوونى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى قسه‌مكرد، ئه‌ویش مافى خۆیه‌تى، نه‌ك له‌وه‌ى پاره‌كه‌ى نه‌داته‌ عێراق، به‌ڵكو له‌وه‌ى حساباتى نێوان هه‌رێم و حكومه‌تى عێراقى رێكنه‌خراوه‌".

ئه‌یاد عه‌لاوى ئاشكراشیكرد: بارزانى بڕیاریداوه‌ دواى جه‌ژن راسته‌وخۆ شاندێكى هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا، بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسى نه‌وت.

جه‌خیتشیكرده‌وه‌: له‌وه‌ش گرنگتر جاران مه‌سعود بارزانى پێشتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ سیاسییه‌كاندا به‌شدارى نه‌ده‌كرد، پێموت نابێت بۆ دیارنه‌بیت، بۆ پارتى دیموكرات به‌شدارنه‌بێت له‌ كۆبوونه‌كان، ده‌بێت له‌به‌ر گرنگى حزبه‌كه‌ت و گرنگى كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق له‌ قۆناغى ئاینده‌دا ده‌بێت ئاماده‌بیت، دووباره‌ ره‌زامه‌ندى دا، كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى پارتى ده‌نێرێت، بۆ ئاماده‌بوونى كۆبوونه‌وه‌.

ئه‌یاد عه‌لاوى روونیشیكرده‌وه‌: "پرسى سێیه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانیدا باسمان كرد، هه‌روه‌ها ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و مرۆڤێكى عێراقى ناوازه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ پێموت، ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجى كتوپڕ بێته‌ئاراوه‌، ئێمه‌ پێویستمان به‌ كوردستانه‌ بۆ دوو پرس، یه‌كه‌میان نه‌وت ده‌رناچێت ته‌نها له‌ رێگه‌ى كوردستانه‌وه‌ نه‌بێت، به‌سره‌ و كه‌نداوى عه‌ره‌بى داده‌خرێت ئه‌گه‌ر گه‌رووى هورمز دابخرێت، دووه‌میان: ئێمه‌ له‌ پلانى كتوپڕدا پێویستیمان به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌ بۆ په‌یداكردنى شمه‌كى سه‌ره‌كى كه‌ خه‌ڵك له‌سه‌رى ده‌ژى، جا كۆگا پارێزراوه‌كان له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌رێم بێت".

عه‌لاوى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات مه‌سعود بارزانى دواى قسه‌وباس وتى: "به‌ براكانمان له‌ حكومه‌تى عێراقى رابگه‌یه‌نه‌، هه‌موو توانایه‌كم و توانایه‌كى كوردستان بۆ عێراقه‌، له‌ژێر فه‌رمانى عێراق و حكومه‌تى عێراقیدایه‌".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure