یه‌كێتی جوتیاران داوای هه‌ڵوێست له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 30/05/2019‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


یه‌كێتی گشتی جوتیارانی هه‌رێم داوا له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق دەكات "رێگه‌ له‌ سووتاندنی زه‌وی جوتیاران بگرن،  قایمقامی قه‌زای مه‌خمووریش ده‌ڵێت: "تائێستا 200 دۆنم زه‌وی جوتیاران سووتێندراوه".

ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌، گه‌نم و جۆی چێندراوی جوتیارانی سنووری كه‌ركوك و مه‌خموور له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی هاورده ‌و چه‌كدارانی داعش به‌ر له‌ دروێنه‌ ده‌سووتێندرێت، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

(ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30ی ئایاری 2019) یه‌كێتی گشتی جوتیارانی هه‌رێم رایگه‌یاندووه‌: شه‌وی رابردوو جارێكی دیكه‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ده‌غڵ و دانی جووتیاران روویداوە به‌شێوه‌یه‌كی بێباكانه‌ و گروپێكی چه‌كدار گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ی جووتیارانی گوندی حه‌فته‌غاریان له‌ سنووری داقووق سووتاندووه‌.

یه‌كێتی جووتیارانی كوردستان داوا له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانان ده‌كات، رێگریی بكه‌ن له‌ سووتاندنی ده‌غڵ و دانی جوتیاران.

یاسین قادر، سه‌رۆكی یه‌كێتی جوتیارانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ په‌له‌ رێگریی بكات له‌ سووتاندنی ده‌غڵ و دانی جوتیاران، چونكه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ جوتیاران كه‌وتووه ‌و ده‌بێت به‌زووترین كات قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.

هاوكات رزگار محه‌مه‌د، قایمقامی قه‌زای مه‌خموور به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو هه‌فته‌دا، 200 دۆنم زه‌وی جوتیاران له‌ گوێڕو دیبەگه ‌و مه‌خمور سووتێندراوه‌".

وتیشی: "به‌شێكی زۆری سووتاندنی ده‌غڵ و دانی جوتیاران له‌لایه‌ن ئه‌و چه‌كدارانەی داعشەوە بووە له‌ نزیك بناری چیای قه‌ره‌چووغ هەن و چه‌ند جوتیارێك به‌هۆیه‌وه‌ سووتاون".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure