شاسوار عەبدولواحید دوای ئازادبوونی دەتوانێت كاری سیاسی بكاتەوە؟

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1733‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرچاوەیەكی یاسایی ئاگادار لەكەیسەكەی شاسوار عەبدولواحید رایدەگەیەنێت: سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەتوانێت دوای ئازادبوونی بەكەفالەت كاری سیاسی بكاتەوە و دادگاش دەتوانێت كاری سیاسی لێ قەدەغە بكات یان نەیکات.


سەرچاوەیەكی یاسایی ئاگادار لەكەیسەكەی شاسوار عەبدولواحید، ئەمڕۆ 30ی ئایاری 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند "مەرجی ئازادبوونی شاسوار عەبدولواحید تەنیا كەفالەت بووە، ئەوەش بەدانانی بارمتەی دارایی، یان كەفیلێك بەبارمتەی دارایی كە دادوەر بڕەكەی دیاریدەكات".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "ئەگەر تۆمەتبار پارەی وەكو كەفیل دانابێت تا رۆژی دادگاییكردنی و لەكاتی دادگاییكردندا تۆمەتبار هەڵبێت، دادگا دەست بەسەر پارەكەدا دەگرێت و تۆمەتبارەكەش بەغیابی سزا دەدات".

وتیشی: "بەڵام ئەگەر تۆمەتبار كەسێك بكاتە كەفیل تا رۆژی دادگاییكردن، بۆ نموونە كەفالەتی پێنج ملیۆن دینار، دەبێت كەسی كەفیلەكە لەماوەی ساڵێكدا بڕی مووچەكەی بگاتە پێنج ملیۆن، ئەگەر بۆ رۆژی دادگاییكردنیش تۆمەتبار هەڵات، ئەوا پارەكە لەكەفیلەكەی وەردەگیرێت و تۆمەتبار بەغیابی سزا دەدرێت".

سەبارەت بەوەی ئایا شاسوار عەبدولواحید دەتوانێت لەمەودوا كاری سیاسی بكاتەوە، بەو پێیەی سەرۆكی جوڵانەوەیەكی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە، ئەو سەرچاوەیە وتی: "بەڵێ دەتوانێت كاری سیاسی بكات، بەڵام لەگەڵ حوكمی كۆتایی دادگای تایبەتمەند كە ئەوەش دادگای كەتن یان دادگای تاوانەكان بێت، دەتوانن قەدەغە یان قەدەغەنەکردنی كاری سیاسی لەناوبراو یەكلابكەنەوە".
 
ماوەی 15 رۆژە شاسوار عەبدولواحید، لەسەر سكاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لەئاسایشی سلێمانی زیندانیكرابوو، پێشتر چەند خۆبەخشێكیان بەهەمان تۆمەت دەستگیركرابوون، بەڵام ئەمڕۆ ئازادكران.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure