"پێویسته‌ پارتى مرونه‌ت بنوێنێت"
ئاراس وه‌لى: كابینه‌ى نوێ به‌بێ یه‌كێتى نوقسان ده‌بێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 13329‌ جار بینراوە
ئاراس وه‌لى

دواڕۆژ، سامان قوبادى 

به‌ وته‌ى ئه‌ندامێكى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان ده‌ڵێت: پێویسته‌ پارتى مرونه‌ت بنوێنێك بۆ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك، ئاراس وه‌لى ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌شده‌كات: پارتى پێیوتون ئه‌گه‌ر یه‌كێتى نه‌یه‌ته‌ ناو كابینه‌كه‌ ئه‌وا پۆسته‌كانیان به‌ به‌تاڵى ده‌هێڵنه‌وه‌.


دواڕۆژ: راى گۆران چییه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى یه‌كێتى و ده‌نگنه‌دانى به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم؟
ئاراس وه‌لى:
هه‌رێمى كوردستان پێگه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌یه‌ له‌ رووى ئیستقرارى سیاسیه‌وه‌، هه‌رێمێكى تۆكمه‌ نین، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ سه‌قامگیری سیاسى به‌ده‌ستبهێنین به‌ هه‌موو هێزه‌كانه‌وه‌، تێگه‌یشتنى هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنى كێشه‌كانى ئێستا، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى بگه‌نه‌ رێكه‌وتن كابینه‌كه‌ پێكبهێنرێت دڵنیایى بۆ خه‌ڵك دروستده‌بێت و بازاڕ ده‌بوژێته‌وه‌.

دواڕۆژ: یه‌كێتى داواى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك ده‌كات، پێتانوایه‌ حه‌قى خۆیان نییه‌ ئه‌م پۆسته‌ بۆ یه‌كێتى یه‌كلایى بكرێته‌وه‌؟
ئاراس وه‌لى:
كێشه‌كه‌ ته‌نیا پارێزگارى كه‌ركوك نییه‌، به‌ڵكو هه‌موو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانه‌، ده‌كرێت له‌ كه‌ركوك یه‌كده‌نگ بین، ته‌نانه‌ته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو كارێكى وا بكه‌ین به‌ یه‌ك لیست به‌شداربین، بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى كورد ئه‌وه‌نده‌ى تر له‌و شاره‌دا لاواز نه‌بێت، به‌ڵام گرنگ نییه‌ پارێزگارى كه‌ركوك له‌ كێ بێت، گرنگه‌ ئه‌وه‌ی ماوه‌ پارێزگارى لێبكرێت و له‌ده‌ستى نه‌ده‌ین، سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پارێزگار له‌ هه‌ر كه‌سێك بێت ده‌سه‌ڵاتى نه‌بێت قیمه‌تى چییه‌؟ پێویسته‌ له‌رووى ده‌ستورییه‌ پێگه‌ى كورد بگه‌ڕێته‌وه‌، نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غدا به‌ده‌نگ بێن له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌و ناوچانه‌ به‌رامبه‌ر كورد كراوه‌.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌ى نوێ له‌مه‌ زیاتر دوانه‌كه‌وێت، پێش به‌ مه‌ترسییه‌كان بگیرێت، ئایا پێویست ناكات پارتى كێشه‌ى پارێزگار له‌گه‌ڵ یه‌كێتى یه‌كلایى بكاته‌وه‌؟
ئاراس وه‌لى:
بێگومان پێویسته‌، ده‌بێته‌ مرونه‌ت و ده‌ستپێشخه‌رى لاى پارتییه‌وه‌ هه‌بێت پاشان له‌ لایه‌نه‌كانى تریشه‌وه‌، ناكرێت له‌سه‌ر پۆستێك به‌ربه‌ست بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت دروستبكرێت، چونكه‌ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا پرسى نه‌وت و پێشمه‌رگه‌ و چه‌ند پرسێكى تر گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت، یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانى رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌وه‌یه‌ ده‌سته‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ دانوستاندن پێكبهێنرێت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانى دراوسێ.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ رۆڵى گۆڕان چى ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه‌ى نێوان پارتى و یه‌كێتى؟
ئاراس وه‌لى:
له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان باسمان له‌ مه‌ترسییه‌كان كردووه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، پێشنیارمان كردووه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆببینه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌یه‌ك، قسه‌ى خێریش ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى پارتى و یه‌كێتى.

دواڕۆژ: ده‌وترێت گۆڕان هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پارتى سورتر و بێمنه‌ت بێت به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانى تر له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت و پشتگوێخستنى داواكارییه‌كانیان؟
ئاراس وه‌لى:
قسیه‌كى بێ مسته‌وایه‌، گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ رێكنه‌كه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ پارتى تا ببێته‌ پاشكۆ له‌ دژى لایه‌نێكى تر، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى چوار رێككه‌وتنمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ دژى هیچ لایه‌نێك نه‌بووه‌، بنه‌مایه‌كمان هه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ و ململانێكان به‌ دیالۆگ بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌نجام، سیاسه‌تێكى دیاریكراومان هه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستان و تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ململانێى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى تێگه‌یشتنى جیاوازه‌ بۆ پرسه‌كان كه‌ نابێت بگاته‌ ئه‌وه‌ی قه‌زیه‌ گه‌وره‌كه‌مان كه‌ ستراتیژى قه‌ومیمانه‌ له‌كاربخه‌ین.

دواڕۆژ: ئایا كابینه‌ى نوێ به‌بێ یه‌كێتى سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟ یاخود ئه‌م قۆناغه‌ش تێپه‌ڕده‌كرێت؟
ئاراس وه‌لى:
یه‌كێتى و پارتى خاوه‌نى هێزى چه‌كدارن، هاتنه‌ ناوه‌ى یه‌كێتى بۆ كابینه‌كه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌رده‌كات، بۆ خه‌ڵك باشتره‌ هه‌ردوولا مرونه‌ت بنوێنن، به‌ڵام كابینه‌كه‌ به‌بێ یه‌كێتى نوقسان ده‌بێت، كێشه‌كان قوڵتر ده‌بنه‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌پێى زانیارییه‌كانتان كه‌ى كابینه‌ى نوێ راده‌گه‌یه‌نرێت؟
ئاراس وه‌لى:
سوێندخواردنى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌ دواى جه‌ژنى ره‌مه‌زان، دواتر سه‌رۆكى هه‌رێم لیستى یه‌كه‌م راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، بۆیه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كى تر ده‌خایه‌نێت تا كابینه‌ى نوێ پێكده‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتى به‌ ئاراسته‌یه‌كى تردا نه‌ڕوات.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ قوڵبوونه‌وه‌ى كێشه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتى كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ ده‌بێت به‌تایبه‌ت له‌ دره‌نگ پێكهێنانى؟
ئاراس وه‌لى:
پارتى پێیوتوین ئه‌گه‌ر یه‌كێتى نه‌یه‌ته‌ ناو حكومه‌ت پۆسته‌كانى به‌ به‌تاڵى ده‌هێڵێته‌وه‌ تا كێشه‌ى نێوانیان چاره‌سه‌رده‌كرێت، پێموایه‌ ئه‌مه‌ باش نییه‌، به‌ڵكو بگه‌نه‌ لێكتێگه‌یشتن، دواكه‌وتنى كابینه‌كه‌ خراپه‌.

دواڕۆژ: كاندیده‌كانى گۆڕان بۆ پۆسته‌كان یه‌كلایى بونه‌ته‌وه‌؟ بۆچى بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان ته‌نیا له‌ خانه‌ى راپه‌راندن و جڤاتى نیشتیمانى خه‌ڵك دیاریكراوه‌؟
ئاراس وه‌لى:
كاندیده‌كانمان یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كى هه‌یه‌، پۆستى وه‌زاره‌ت سیاسییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ ئه‌ندامى باڵاى بزوتنه‌وه‌كه‌ بێت كه‌ متمانه‌ى پێده‌كات.

دواڕۆژ: راسته‌ كاندیدكراویت بۆ وه‌زیرى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى؟
ئاراس وه‌لى:
ته‌نیا ناوى من نییه‌، به‌ڵكو ناوى خه‌ڵكى تریش هه‌یه‌، به‌ڵام لیژنه‌كه‌ و جڤاتیش تائێستا یه‌كلایى نه‌كردووه‌نه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌ گه‌رموگوڕییه‌وه‌ چونه‌ ناو حكومه‌ت پێش هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتن چاوه‌ڕوانى چى له‌م كابینه‌كه‌ ده‌كه‌ن؟
ئاراس وه‌لى:
رێككه‌وتنى سیاسیمان له‌گه‌ڵ پارتى له‌سه‌ر كارنامه‌یه‌ك بۆ چوار ساڵى داهاتووى حكومه‌ت كردووه‌ كه‌ 19 لاپه‌ڕه‌یه‌ كۆى هه‌مووى بریتییه‌ له‌ چاكسازى كه‌ به‌شێكیان به‌ 4 مانگ ده‌كرێت جێبه‌جێ بكرێ، ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌و چاكسازییانه‌ به‌ چوار ساڵیش نه‌كرێت، به‌شێك له‌ چاكسازییه‌كان له‌ كه‌رتى په‌روه‌رده‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌، ئێمه‌ گه‌شبینین ئه‌نجامى بده‌ین، ره‌نگه‌ به‌شێكى هه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرێت.

دواڕۆژ: ئایا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى كردتان رازیبوونى كۆى ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌راندن و جڤاتى له‌سه‌ر بووه‌؟ یان رێككه‌وتنى نوخبه‌ى گۆڕان و پارتى بووه‌؟
ئاراس وه‌لى:
زۆرینه‌ى رازى بووه‌، به‌ڵام چه‌ند ئه‌ندامێك هه‌بووه‌ ناڕازى بوون، به‌ ده‌یان راپۆرتمان له‌سه‌ر هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنى ساڵى رابردوو بۆ هاتووه‌ گفتوگۆمان له‌سه‌ر كردووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانمان كه‌مى كردووه‌، دواتر جڤاتى نیشتیمانى بڕیاریدا به‌ پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك بۆ دانوستاندن به‌مه‌به‌ستى چونه‌ ناو حكومه‌ت، به‌ڵام وه‌فده‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى نه‌بووه‌ كه‌ بڕیاربدات بچێته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌، دواتر جڤات بڕیارى له‌سه‌ر داوه‌، بۆیه‌ بڕیارى نوخبه‌یه‌ك نه‌بووه‌. رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پارتى بریتیه‌ له‌ كارنامه‌یه‌ك بۆ كابینه‌ى نۆ، به‌ڵام پێویسته‌ پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان پێكه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شى كار له‌سه‌ر كارنامه‌ى حكومه‌ت بكه‌ین، به‌ تاكه‌ لایه‌نێك جێبه‌جێ ناكرێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure