شۆفێرانى مه‌رزێك ناڕەزایی دەردەبڕن

هەواڵ / ئابوری :: 30/05/2019‌ :: 299‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

دواى مانگرتنیان له‌ ئیشكردن بۆ ماوه‌ى سێ رۆژ، ئه‌مڕۆ شۆفێرانى مه‌رزى په‌روێزخان له‌ دژى باجى دڵنیایى جۆرى و سۆنار و چه‌ند باجێكى تر خۆپیشاندانیان له‌ به‌رده‌م ئیداره‌ى گه‌رمیان ئه‌نجامدا و داوایانكرد ئه‌و باجانه‌ لاببرێن به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ راگرتنى جموجۆڵى بازرگانی له‌ مه‌رزه‌كه‌. 


خه‌لیل حیكمه‌ت، یه‌كێك له‌ شۆفێرانى خۆپیشانده‌ر (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژى وت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ مانیانگرتووه‌و كه‌س گوێى لێنه‌گرتوون، ئه‌مڕۆ خۆپیشاندانیان بۆ به‌رده‌م ئیداره‌ى گه‌رمیان ئه‌نجامدا، بۆ ئه‌وه‌ى داواكارییه‌كان جێبه‌جێ بكرێت". 

وتیشى: "له‌ مه‌رزى په‌روێزخان له‌ كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ ئێران ئه‌گه‌ر باریشیان پێنه‌بێت و ئۆتۆمبیله‌كانیان به‌تاڵ بێت، هه‌ر ده‌بێت 20 هه‌زار دینار باج بده‌ن به‌ قه‌پان، هاوكات 20 هه‌زارى دیكه‌یان لێوه‌رده‌گرێت بۆ دڵنیایی جۆرى، به‌ڵام له‌كاتى رووداو قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ 35 هه‌زار دینار باجى پشكنین كه‌ ته‌نانه‌ت پشكنین ناكه‌ن و 50 هه‌زار دیناری دیكه‌شیان لێوه‌رده‌گیرێت له‌ بری سۆنار، له‌كاتێكدا تاوەکو باشورى عێراق به‌ چه‌ند سۆنارێك تێپه‌ڕده‌بن، به‌ڵام باجى له‌سه‌ر نییه‌". 

ئه‌و شۆفێره‌ ئه‌وه‌شى وت: "جگه‌ له‌وه‌ بارودۆخى خزمه‌تگوزارى نێو مه‌رزه‌كه‌ زۆر خراپه‌ و تاوه‌كو ئێستا جاده‌كه‌ى گڵه‌ و جاده‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌شى بۆ گه‌رمیان یه‌ك ساید و پڕ له‌ چاڵ و تاسه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ چیتر ئاوڕى جدیان لێبدرێته‌وه‌و ئه‌م غه‌رامانه‌ لاببرێن یان كه‌مبكرێنه‌وه‌ و رێگاكه‌ش چاك بكرێته‌وه‌. 

خه‌لیل حیكمه‌ت باسیشى له‌وه‌كرد: چه‌ند رۆژێكه‌ زیاتر له‌ هه‌زار شۆفێرى مه‌رزى په‌روێزخان مانیان له‌ كاركردن گرتووه‌و هاتووچۆى بازرگانیان راگرتووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌م هه‌ڵوێسته‌یان تاوه‌كو لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌و كار له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان ده‌كه‌ن. 

لاى خۆیه‌وه‌ هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، وته‌بێژى ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ڵێنى به‌ شۆفێران داوه‌ به‌دواداچوون بكات، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان له‌ رووى ئه‌و باجانه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى نێو مه‌رزه‌كه‌. 

دواڕۆژ په‌یوه‌ندیكرد به‌ به‌ڕێوبه‌رى مه‌رزى په‌روێزخان و به‌رپرسى راگه‌یاندنى مه‌رزه‌كه‌، به‌ڵام بێ ئاكام بوو. 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure