په‌رله‌مانی كوردستان واده‌ی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی دیاریكرد

هەواڵ / کوردستان :: 30/05/2019‌ :: 193‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌ 10 حوزه‌یران و دوای ڕاسپاردنی سه‌رۆكی حكومه‌تیش ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی به‌شداری نه‌كات پۆسته‌كان به‌ تاڵی جێده‌هێڵدرێت.

ڕۆژی 10ی حوزه‌یرانی مانگی داهاتوو، ڕێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان ناولێنان بۆ "مه‌سرور بارزانی" وه‌كو ڕاسپێردراوی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌نجامده‌دات، ناوبراو له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانیه‌وه‌ ڕاده‌سپێردرێت، بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی له‌ماوه‌ی مانگێكدا.


دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 10ی حوزه‌یران له‌ هۆڵی سه‌عدا عەبدوڵا له‌ شاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی میوانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت.

به‌پێی مادده‌ی چوار له‌ په‌یڕه‌وی یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ماوه‌ی سوێندخواردن و ده‌ستبه‌كاربوونی نێچیرڤان بارزانی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌درێته‌ قوباد تاڵه‌بانی.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی دواڕۆژیش به‌رنامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدی ڕاسپێردراو دەبێت له‌ماوه‌ی 20 ڕۆژدا كابینه‌ی نوێ بهێندرێته‌ په‌رله‌مان و له‌ حاڵه‌تی به‌شدارینه‌كردنی یه‌كێتیش پۆسته‌كان به‌ به‌تاڵی جێده‌هێڵدرێت و به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن.

سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕۆژی ١٠ی مانگی داهاتووی دیاریکرد بۆ سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێم. به‌پێی كارنامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌: په‌رله‌مان ڕۆژی ١٠ی مانگی داهاتووی دیاریکرد بۆ سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێم.

لای خۆیه‌وە كاكه‌مین نه‌جاڕ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت و سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و راسپاردنی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ حكومه‌ت له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆی ئه‌نجامده‌درێت له‌ حاڵه‌تی به‌شداریكردن یاخود به‌شدارینه‌كردنی یه‌كێتیی هیچ گۆڕانكارییه‌ك ڕوونادات.

 پ: ک. س

 

 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure