مامۆستایەکی کورد دەبێتە سەرۆکی زانکۆی کەرکوک

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 268‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری


ئاڵوگۆڕ لەپۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکوک دەکرێت و مامۆستایەکی کورد پۆستەکە وەردەگرێت کە لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستانە.

بەپێی نوسراوێکی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، مامۆستایەکی کورد بەناوی (سەباح ئەحمەد ئیسماعیل) راسپێردراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکوک بەوەکالەت، هەر بەپێی ئەو نوسراوە (عەباس تەقی) کە لەپێکهاتەی تورکمانی شیعەیە کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنراوە وەکو سەرۆکی پێشوی زانکۆ و گەڕێنراوەتەوە بۆ پلەی مامۆستا لەزانکۆکە.

ئەگەرچی فەرمانی کارگێڕی لەوەزارەتی خویندنی باڵاوە دەرکراوە، بەڵام هێشتا سەرۆکی نوێی زانکۆ کە کوردە پۆستەکەی وەرنەگرتوە.

دواڕۆژ زانیویەتی کە سەرۆکی نوێی زانکۆ نزیک لەپارتی دیموکراتی کوردستانە و پێشتریش لەسەر پشکی کورد راگری کۆلێژی پەروەردە بۆ زانستی سیرفە بووە.

کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و بەدواڕۆژی راگەیاند: دکتۆر سەباح ئەحمەد وەکو لایەنگرێک نزیکە لەپارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەڵام هیچ پلەیەکی حیزبی نییە.

وتیشی: "وەرگرتنی ئەو پۆستەش لەسەر بنەمای کەفائەت و ئاستی زانستی بووە کە شایستەی ئەو پۆستەیە نەوەک کوردبوون و پارتی بوون".

ژیاننامەی سەرۆکی نوێی زانکۆی کەرکوک:

د. سەباح ئەحمەد ئیسماعیل خەیات لەدایکبوی ساڵی 1958ەو لەساڵی 1980 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە و ساڵی 1989 ماستەری خوێندوە، لە 1997 بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 2016وە راگری کۆلێژی پەروەردەیە بۆ زانستی صیرفە لەزانکۆی کەرکوک، ئەندامی دەستەی نوسینی گۆڤاری زانستی نێودەوڵەتییە Journal of Geosciences and Environmental Protection هەروەها سەرۆکی لیژنەی راوێژکاری گۆڤاری زانکۆی کەرکوک بوە لەنێوان ساڵانی 2012 تاوەکو 2017.

سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی بوە لەزانکۆی کەرکوک تاوەکو ساڵی 2012.

سەرۆکی بەشی جیولۆجی کۆلێژی زانست بوە لەنێوان ساڵانی 2006 تاوەکو 2011.

لەساڵی 1998 بۆ 1999سەرۆکی بەشی جیۆلۆجی زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێر بوە.

سەرۆکی تیمی جیولۆجی وەزارەتی پیشەسازی و کانگاکان بوە لەنێوان ساڵانی 1981 تاوەکو 1987.

هاوکات دەیان کۆنگرەی زانستی ئەنجامداوە لە وەڵاتانی میسڕ، یابان، تورکیا، مەغرب، تایلەند، ئوسترالیا، کەنەدا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure