زیادبوونی حاڵەتەکانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گه‌رمیان گومانى دروستكردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2019‌ :: 289‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان ئاشكرایده‌كات: له‌ مانگى ئایارى 2019 زۆریى رووداوه‌كانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ به‌ جۆرێكی لێهاتووە له‌ هیچ ساڵێكى رابوردوو به‌و شێوەیە نه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ش گومانى لا دروستكردوون، پێشیانوایه‌ كه‌سانێك به‌ مه‌به‌ست ئاگر ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌رهه‌مى جوتیاران ده‌سووتێنن.
 

نیعمه‌ت عه‌لى، وته‌بێژى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "ته‌نیا له‌ماوه‌ى مانگى ئایارى 2019 له‌ سنوورى گه‌رمیان 205 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تۆماركراون و به‌هۆیانه‌وه‌ هه‌زار و 450 دۆنم زه‌وى سووتاون كه‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌و زه‌وییانه‌ به‌رهه‌مى دانه‌ویڵه‌ى گه‌نم و جۆى جوتیارانن. 

وتیشى: "حاڵه‌ته‌كانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سنووره‌كه‌ له‌ ساڵانى رابوردوو زۆر زیاتره‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ به‌رهه‌مى جوتیارانى گرتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ جێگاى گومانه‌ و پێمانوایه‌ به‌شێكى ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وانه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌نقه‌ست ئه‌نجامده‌درێن". 

ئاماژەی بەوەشدا: رۆژى واهه‌بووه‌ له‌ 15 گوندى سنووره‌كه‌ ئاگركه‌وتووه‌تەوە و تیمه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌ و توانیویانه‌ هه‌زاران دۆنم زه‌وى له‌ سووتان رزگار بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ خراپیى رێگاوبانه‌كان زۆرجار گرفتیان بۆ دروستدەکات. 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى گه‌رمیانەوە لەبارەی زۆربوونی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوەوە به‌دواڕۆژى وت: "لیژنه‌یان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوى ئاگركه‌وتنه‌وانه‌ دروستكردووه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كان به‌شێك له‌و ئاگرانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى نێوان گوند نیشینان خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ راستیشدا له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ پێ ده‌شته‌كان و ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌كان ئه‌و تاوانانه‌ ئه‌نجامده‌درێن ئاشكرا كردنیان كارێكى قورسه‌ و كاتى ده‌وێت". 

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure