عێراق 188 منداڵى جێماوه‌ى داعش راده‌ستى توركیا ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 29/05/2019‌ :: 164‌ جار بینراوە
منداڵه‌ بچوكه‌كانیان له‌گه‌ڵ دایكیان له‌ به‌ندینخانه‌كاندا ده‌مێننه‌وه‌

تاگ :: داعش عێراق

دواڕۆژ

به‌رپرسانى دادوه‌رى عێراقى رایده‌گه‌یه‌نن: ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌غدا 188 منداڵ-یان راده‌ستى به‌رپرسانى ئه‌نقه‌ره‌ كردووه‌ كه‌ منداڵى ئه‌ندامانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى بوون.


ئاژانسى رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌: نوێنه‌رانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى عێراق و رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان (یونسێف) له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا ئاماده‌بوون له‌كاتى به‌ڕێكردنى منداڵه‌كان بۆ ناو فڕۆكه‌یه‌كى تایبه‌ت.

لاى خۆیه‌وه‌ عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، وته‌بێژ به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى ناوه‌ندى به‌رپرس له‌ دۆسیه‌ى تیرۆر و تیرۆرستانى بیانى 188 منداڵى پاشماوه‌ى داعشى راده‌ستى لایه‌نى توركى كردووه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌نێویاندا كه‌سانى پێشگه‌یشتوو هه‌یه‌ به‌ رێژه‌یه‌كى كه‌م كه‌ به‌ تێپه‌ڕاندنى سنور به‌شێوه‌یه‌كى نایاسایى تۆمه‌تباركراون و ماوه‌ى سزاكه‌یان ته‌واو بووه‌.

به‌یره‌قدار ئاماژه‌شیدا: راده‌ستكردنه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و باڵیۆزخانه‌ى توركیا له‌ به‌غدا و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى وه‌ك یونسێف به‌ڕێوه‌چووه‌.

راپۆرتێكى تایبه‌تى ئاژانسه‌كه‌ له‌ مانگى ئازار ئاشكرایكرد كه‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى نزیكه‌ى 1100 منداڵى چه‌كدارانى داعش چاوه‌ڕوانى بڕیارى دادوه‌رى عێراقه‌، كه‌ منداڵه‌ بچوكه‌كانیان له‌گه‌ڵ دایكیان له‌ به‌ندینخانه‌كاندا ده‌مێننه‌وه‌ و تائێستاش لانى كه‌م حه‌وت منداڵ به‌هۆى خراپى ره‌وشى زیندان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure