ئارێز عه‌بدوڵڵا: گۆڕان وایكردووه‌ پارتى سورتربێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 613‌ جار بینراوە
ئارێز عه‌بدوڵڵا

دواڕۆژ، سامان قوبادى

به‌وته‌ى ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، گۆڕان هۆكاربوو بۆ ئه‌وه‌ى پارتى سورتر بێت له‌سه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كردنى كێشه‌كان، ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژ، ده‌شڵێت: "به‌پێى رێككه‌وتنێكى نوێ كه‌ ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت ده‌نگ ده‌ده‌ن به‌ مه‌سرور بارزانى" باس له‌وه‌شده‌كات: ته‌شه‌نه‌كردنى كێشه‌كان دوو ئیداره‌یى لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.


دواڕۆژ: تاكه‌ هۆكار بۆ ده‌نگنه‌دان به‌ هه‌ڵبژاردنى نێچیرڤان بارزانى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم پۆستى پارێزگارى كه‌ركوكه‌؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
كۆمه‌ڵێك كێشه‌ له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى هه‌یه‌ و كه‌ڵه‌كه‌ بوون، ده‌رهاویشته‌ى ئه‌و كێشانه‌یه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌بووه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ كه‌ سه‌ر به‌ پارتین له‌وێ ده‌وامیان كردووه‌، پارتى هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى قایمقامى شه‌نگال وه‌ربگرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌وێ خۆى ده‌چێته‌ ده‌سه‌ڵات، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان رێكده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌سه‌ر كه‌ركوك رێكناكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگارێكى كورد دابنرێت، پارتى به‌شدارى دواین هه‌ڵبژاردنى نه‌كردووه‌ له‌ كه‌ركوك، یه‌كێتى به‌ ته‌نیا نیوه‌ى ده‌نگى ئه‌و شاره‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌ ئینجا رێگرى لێده‌كات، ئه‌مه‌ى دووفاقیه‌، هه‌ر كارێك بۆ خۆى بیه‌وێت ره‌وایه‌، به‌ڵام بۆ لایه‌نێكى تر ره‌وانییه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تى، كێشه‌كه‌ش له‌سه‌ر ناو نییه‌ بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك وتومان با كاك مه‌سعودیش قسه‌ى هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى داده‌نرێت، به‌ڵام ده‌بێت كه‌سێك بێت كه‌ركوكى بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌رمییه‌كى زۆرمان نواندووه‌، به‌ڵام نایانه‌وێت رێكبكه‌ون له‌گه‌ڵمان، پارێزگارێكى عه‌ره‌بیان قبوڵه‌، ئاماده‌نین كوردێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دابنرێت لایه‌نى كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى گیراوه‌ته‌به‌ر له‌و شاره‌ كۆتایى پێبێت.

دواڕۆژ: بۆچى یه‌كێتى چه‌ند خوله‌كێك پێش كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بڕیاریدا ده‌نگ به‌ نیچیرڤان بارزانى نه‌دات؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
چاوه‌ڕوان بووین پارتى ره‌زامه‌ندى ده‌رببڕێت، تا 5 خوله‌ك پێشتر پێمان وتن ئیتر ته‌واو، رۆژێك به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان سێ ناو بۆ پارێزگارى كه‌ركوك دراوه‌ به‌ پارتى كه‌ هیچیان له‌ سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نین، دوانیان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگان، ئه‌وان خۆیان وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه‌، چه‌ند مانگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتى ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: به‌ڵام دوو رێككه‌وتنتان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌بووه‌ و وه‌ها نیشانده‌درا كه‌ له‌چاره‌سه‌رى كێشه‌كانتان زۆر نزیكن و رێككه‌وتوون؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
ته‌نانه‌ت بۆ دانانى پارێزگاریش رێككه‌وتنێكمان هه‌بووه‌، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كراوه‌ كاك كۆسره‌ت و كاك مه‌سعود رێكبكه‌ون له‌سه‌ر كاندیدێكى یه‌كێتى، پارتى نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستى ده‌ستى به‌ یه‌كێتى ده‌كات.

دواڕۆژ: ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ تونده‌ى یه‌كێتى و كه‌ڵه‌كه‌بوونى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا وا لێكده‌درێته‌وه‌ هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و دوو ئیداره‌یى، وه‌ڵامتان چییه‌؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
هیوادارین شتى وا رونه‌دات، به‌ڵام ئاگرێكى گه‌وره‌ له‌ ده‌نكه‌ شقارته‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌، ره‌نگه‌ كێشه‌كان گه‌وره‌بن، به‌ڵام یه‌كێتى به‌رنامه‌ى نییه‌ بۆ دوو ئیداره‌یى و بیریشى لێناكاته‌وه‌، قوربانى زۆرمان داوه‌ بۆ دروستكردنى یه‌ك ئیداره‌یى، ده‌مانه‌وێت به‌هێزتربێت، به‌ڵام ته‌شه‌نه‌كردنى كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان ئه‌مه‌شى لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.

دواڕۆژ: له‌ ئه‌گه‌رى یه‌كلایى نه‌بوونه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك یه‌كێتى هه‌مان هه‌ڵویستى ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنى مه‌سرور بارزانى؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌كرێت و بڕیارده‌ده‌ین، دوێنى كه‌ نه‌چوینه‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان، ده‌بێت پارتى بزانێت به‌م شێوه‌یه‌ ناچێته‌سه‌ر، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان نایانه‌وێت هه‌موو هێزه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كده‌نگ بن، له‌ماوه‌ى رابردوودا هه‌موو فراكسیۆنه‌كانى عێراق به‌یاننامه‌یان له‌ دژى پارتى ده‌ركرد، تانه‌ت له‌وێ ئاسته‌نگ بۆ فراكسیۆنه‌كانیش دروست ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌ هێزى یه‌كه‌مه‌ ده‌بێت رۆڵى هه‌بێت له‌ یه‌كخستنه‌وه‌ى گوتارى كوردى و سیاسه‌تى كوردستانى، هه‌روه‌ها دروستكردنى هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌ به‌غدا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وه‌ى وایكرد پارتى به‌م شێوه‌یه‌ هه‌نگاو بنێت هه‌ڵوێسته‌كانى گۆڕان بوو، كه‌ زۆر به‌ ئاسانى قایل بوون به‌وه‌ى ئه‌نجامدرا، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى نوێ بكه‌ین و جێبه‌جێ بكرێت به‌پێى ئه‌وه‌ بڕیارده‌ده‌ین ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى حكومه‌ت، نه‌شمانوتووه‌ به‌شدارى حكومه‌ت ناكه‌ین. 

دواڕۆژ: كه‌واته‌ خه‌تاكه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى گۆڕان و پێتانوایه‌ ئه‌وان هه‌ڵه‌ن؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
ئه‌وه‌ى پارتى سورتر كرد له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ى و نه‌هاتنه‌ پێش بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و یه‌كخستنه‌وه‌ى گوتارى كوردستانى هۆكاره‌كه‌ى گۆڕان بوو، دواى ئه‌وه‌ى گۆڕان بڕیاریدا به‌بێ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ناوه‌ڕۆكى یاساى سه‌رۆكایه‌تى ده‌نگ به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم بدات و چوونه‌ ناو حكومه‌ت، واته‌ پارتى پێویستى به‌ ده‌نگى تر نییه‌ و له‌گه‌ڵ گۆڕان ده‌توانن حكومه‌ت پێكبهێنن.

دواڕۆژ: له‌ناوخۆى خۆیدا یه‌كێتى تا چ ئاستێك یه‌ك ده‌نگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ى؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
ئه‌گه‌ر پێشتریش ناكۆكى له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌بوبێت، به‌ڵام له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى دوێنێ و پێداگیرى له‌سه‌ر چاره‌سه‌رى كێشه‌كان یه‌ك ده‌نگه‌، له‌مڕۆوه‌ جیاوازى بیروبۆچون نییه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك قسه‌یه‌كى هه‌یه‌ راست ناكات.

دواڕۆژ: به‌ڵام پاش هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم زۆرى پێنه‌چوو قوباد تاڵه‌بانى پیرۆزبایى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
ئه‌و جێگرى نێچیرڤان بارزانییه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ كاریان كردووه‌، جگه‌له‌وه‌ ده‌نگى پێبده‌ین یان نا ئه‌و هه‌ڵبژێردراو و بوو به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، پیرۆزباییكردن كارێكى باشه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ ئه‌و گرژیانه‌ى به‌هۆى هه‌ڵوێستى توند دروست ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى بۆشاییه‌كه‌ گه‌وره‌تر نه‌بێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure