ئه‌و پۆلیسه‌ى له‌ دهۆك لێیدرا رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2019‌ :: 1424‌ جار بینراوە
نشتیمان ره‌سوڵ ئه‌بابه‌كر

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

ئه‌و كارمه‌نده‌ى هاتوچۆى دهۆك كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ له‌ سه‌نته‌رى بازاڕ رووبه‌ڕووى ده‌ستدرێژى بووه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كات و ده‌ڵێت: "له‌ دادگا سكاڵاى تۆماركردووه‌ و ده‌یه‌وێت مافى خۆى وه‌رگرێت".


نشتیمان ره‌سوڵ ئه‌بابه‌كر، كارمه‌ندى هاتوچۆ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29ى ئایارى 2019) له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا بۆ راى گشتى رایگه‌یاند: له‌ دادگاى دهۆك سكاڵاى له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ تۆماركردووه‌ كه‌ ده‌ستدرێژییان كردوه‌ته‌سه‌ر و لێیانداوه‌ و باوه‌ڕیشى به‌ سه‌ربه‌خۆیى یاسا له‌م كه‌یسه‌دا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ چ ئاستێكدا بێت دادگا به‌ شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ ئیشى خۆى ده‌كات و مافه‌كان پێشێلناكرێن.

ده‌شڵێت: "سوپاسى ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و هاوڵاتییان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌كه‌م كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كى پشتیوانى منیان كرد و با هه‌موومان بڕیارى كۆتایى بۆ دادگا به‌جێبهێڵین".

شه‌وى شه‌ممه‌ى رابردوو 25ى ئایار له‌ شه‌قامى ئه‌حمه‌دى خانى له‌نێو بازاڕى دهۆك ئه‌و كارمه‌نده‌ پاش ئه‌وه‌ى داواى له‌ شۆفێرێك كرد ئۆتۆمبێله‌كه‌ى له‌ شوێنێكى نایاسایى لاببات، دواتر ئاڵۆزى په‌یداده‌بێت و به‌هۆیه‌وه‌ به‌ چه‌ند كه‌سێك هێرشده‌كه‌نه‌سه‌ر كارمه‌نده‌كه‌ى هاتووچۆ و بریندارى ده‌كه‌ن.

له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ به‌ڕێوبه‌راتى هاتوچۆى دهۆك رایگه‌یاند: بڕیارى ده‌ستبه‌سه‌ركردنى تۆمه‌تباران ده‌ركراوه‌، به‌ڵام هه‌تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كى وورد نازانرێت كێ ئه‌م تاوانه‌ى ئه‌نجامداوه‌ و شاهیده‌كان له‌ دادگا ئاماده‌ ده‌بن و بڕیارى كۆتایش لاى دادگا ده‌بێت.

پێشتر ئازاد ته‌ها، به‌رپرسی راگه‌یاندنی هاتوچۆی دهۆك بۆ دواڕۆژ وتی: "رۆژی دواى رووداوه‌كه‌ ئه‌و پۆلیسه‌ له‌ دادگای دهۆك سكاڵاى له‌ دژی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆماركردووه‌ كه‌ هێرشیانكرد بووە سەری ‌و ئێستاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ به‌رده‌وامه‌".

داواشیكرد: ئه‌و دۆسیەیه‌ رێڕه‌وی یاسایی خۆی وه‌ربگرێت و هیچ لایه‌نێكی عه‌شایه‌رى ده‌ست نه‌خاته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى یاساى ژماره‌  86ى ساڵى 2004 هه‌ر جۆره‌ بێڕێزیكردن و ده‌ستدرێژییه‌ك به‌رامبه‌ر كارمه‌ندى هاتوچۆ سزاكه‌ى زیندانیكردنه‌.

له‌ چوار ساڵى رابردوودا له‌ پارێزگاى دهۆك سێ پۆلیسى هاتوچۆ له‌لایه‌ن به‌رپرسان و هاوڵاتییان لێیاندراوه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure