شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی روودەدات؟

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2019‌ :: 21926‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
چاودێرێكى سیاسى پێیوایه‌ تاوه‌كو رێككه‌وتنى لوتكه‌ى نێوان حیزبه‌كان ئه‌نجامنه‌درێت، جێیبه‌جێكردنى رێككه‌وتن له‌نێوان پارتى و یه‌كێتی "زه‌حمه‌ت" ده‌بێت و ده‌شڵێت: "به‌هۆى ئەوەی دەیان رێككه‌وتن له‌نێوان حیزبه‌كاندا جێبه‌جێنه‌كراوه‌، یه‌كێتى مافى خۆیه‌تى گومانى له‌ پارتى هه‌بێت".

بۆ به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم و دانانى پارێزگارێكى كورد له‌ پشكى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك و دانانى وه‌زیرى دادى حكومه‌تى عێراق له‌ پشكى ئه‌و حیزبه‌، یه‌كێتى و پارتى لە 4ی ئازار و 5ى ئایارى 2019، دوو رێككه‌وتنیان كرد، به‌ڵام یه‌كێتى پێیوایه‌ "پارتى رێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێناكات" بۆیه‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نگى به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌دا كه‌ دوێنى به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا له‌كۆى 81 په‌رله‌مانتارى ئاماده‌بوو، به‌ ده‌نگى 68 پەرلەمانتار نێچیرڤان بارزانى به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌ڵبژێردرا.

له‌باره‌ى جێبه‌جێنه‌كردنى رێكکه‌وتنه‌كان له‌نێوان حیزبه‌كان، مەسعود عه‌بدولخالق لێكۆڵه‌ر و  چاودێرى سیاسى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتى و پارتى رێكکه‌وتنیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كاره‌كه‌ى خراپ كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێكکه‌وتنه‌كان جێبه‌جێناكرێن ئه‌مه‌ش بێ متمانه‌یى زۆرى له‌نێو ناوخۆى حیزبه‌كان و له‌گه‌ڵ یه‌كتر دروستكردووه‌.

وتیشى: "تائێستا زیاتر له‌ دەیان رێكکه‌وتن و یاداشتى لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان حیزبه‌كانى هه‌رێم هه‌بووه‌، به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كراون".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: یه‌كێتى مافى خۆیه‌تى گومانى هه‌بێت له‌ جێبه‌جێكردنى رێكکه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى، چونكه‌ متمانه‌ له‌نێوانیان دروستنه‌بووه‌ "بۆیه‌ پێشنیاز ده‌كه‌م نه‌ك رێكکه‌وتنى دوو حیزب، به‌ڵكو پێویسته‌ رێككه‌وتن لەنێوان زۆرینه‌ى حیزبه‌كان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو هێزه‌كان پێكبێن و حكومه‌تێكى به‌هێز دروستبكه‌ن" ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر پارتى نه‌توانێت داخوازییه‌كانى یه‌كێتى جێبه‌جێبكات، ئه‌وا تووشى گرفتى گه‌وره‌ ده‌بێت وه‌كو ئه‌وه‌ى دوێنێ روویدا كه‌ خاڵى لاوازى سه‌رۆكى هه‌رێمى داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ له‌ كۆى 111 په‌رله‌مانتار ته‌نیا 68 ده‌نگى هێناوه‌ و له‌لایه‌ن دوو حیزبه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێت، ئه‌مه‌ كارێكى خراپ بوو، نه‌ده‌بوو پارتى ئه‌وه‌ى به‌سه‌ردا تێپه‌ڕبێت.

راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر یه‌كێتى به‌شدار نه‌بێت شه‌ڕ و دوو ئیداره‌یى روونادات، به‌ڵام حكومه‌تێكى لاواز و سه‌رۆكى هه‌رێمێكى لاواز ده‌بینین كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان ته‌نیا به‌سه‌ر دوو پارێزگاوه‌ ده‌بێت و ناتوانێت رووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى و نادادى كۆمه‌ڵایه‌تى بوه‌ستێته‌وه‌، پێشیوایه‌ "پارتى ده‌بێت به‌هه‌ر جۆرێك بێت، یه‌كێتى رازى بكات كه‌ به‌شدارى حكومه‌ت بێت و پاڵپشتى بكات، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌نیوه‌ى رێگەكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و فه‌شەل بهێنێت".

له‌باره‌ى شێوازى ئاشكراى ده‌نگدانى په‌رله‌مانتاران بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، مەسعود عه‌بدولخالق، ده‌ڵێت: "شێوازى ده‌نگدان به‌ئاشكرا، ماناى وایه‌ كه‌ حیزبه‌كان متمانه‌یان به‌ یه‌كتر و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارانیش نییه‌ و ترسیان هه‌بووه‌ په‌رله‌مانتاران ده‌نگ به‌ كاندیدى پارتى نه‌ده‌ن، ئه‌و مۆدێله‌ش هى سه‌رده‌مى به‌عسه‌".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure