سەرکردایەتییەکی یه‌كێتی: هه‌ر رووداوێک رووبدات پارتی لێی بەرپرسە

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2019‌ :: 10776‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ مه‌سه‌له‌ی دوو ئیداره‌یی و دابه‌شبوونی هه‌رێمی كوردستان، پارتی لێی به‌رپرسه‌.


نه‌سروڵڵا سورچی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌ى ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا دروستبووه‌، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "من ناڵێم هه‌رێم ده‌بێته‌ دوو ئیداره‌یی و دابه‌شده‌بێت، به‌ڵكو ده‌ڵێم یه‌كێتی به‌رپرس نییه‌ له‌ هه‌ر رووداوێك رووبدات له‌ ئایینده‌دا".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتیشی: "پارتی ده‌ستیوه‌رداوه‌ته‌ كاره‌كانی ئێمه‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ بڕیارماندابوو پرسی كه‌ركوك و به‌غدا و كابینه‌ی نوێ به‌یه‌كه‌وه‌ بن و پلان و به‌رنامه‌ی بۆ دانرابوو و رێككه‌وتنی له‌سه‌ركرا، به‌ڵام پارتی ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت ده‌یكات".

باسی له‌وه‌شكرد: تاوه‌كوو دوێنێ رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا له‌ دانووستاندا بووینه‌ و ئه‌وه‌ی دوێنێ روویدا نوێ نییه‌و پێشوه‌خت به‌ پارتیمان وتووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌هه‌مانكاتدا ده‌ستده‌كرێت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك، به‌ڵام پارتی ده‌یه‌وێت پارێزگارێك به‌ ویست و حه‌زی خۆی بۆ كه‌ركوك دابنێت، ئێمه‌ش قبوڵمان نییه‌.

سورچی ده‌ڵێت: "پارتی به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بكرێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك، ئه‌وان قبوڵ ده‌كه‌ن كه‌سێكی خه‌ڵكی سلێمانی ببێته‌ پارێزگارى دهۆك؟، من ده‌پرسم ئه‌و كابرایه‌ كه‌ركوكییه‌؟، بۆ كه‌ركوك پیاوی تێدا نییه‌ ببێته‌ پارێزگار؟، خه‌ڵكی سلێمانی بۆ بكرێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك؟، له‌ هه‌موو عێراقدا پارێزگارێك هه‌یه‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی خۆی نه‌بێت؟، ئه‌ی كه‌واتا بۆچی كه‌سێكی كه‌ركوكی نه‌كرێته‌ پارێزگارى شاره‌كه‌؟.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ی یه‌كێتی كێی كاندید كردووه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، وتی: "ئێمه‌ هیچ كه‌سێكمان كاندید نه‌كردووه‌، به‌ڵام نه‌ك كه‌ركوكییه‌كانی ناو یه‌كێتی، به‌ڵكو هه‌موومان پێمان باش نییه‌ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ببێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی باسمكرد".

ئاماده‌كردنی: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure