ناوچه‌ى كه‌نداو له‌سه‌ر لێوارى جه‌نگ

هەواڵ / چاوی تۆ :: 29/05/2019‌ :: 139‌ جار بینراوە

بورهان شێخ ڕه‌ئوف

دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ له‌ رێككه‌وتننامه‌ى (5+1)  كشایه‌وه‌ ساڵى 2017، نه‌یارانى ئه‌و هه‌نگاوه‌ى پاساویان ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ كۆمه‌ڵێك كاردانه‌وه‌ و رووداو به‌ دواى خۆیدا ده‌هێنێت له‌ كۆتاییدا به‌ره‌و جه‌نگ ده‌ڕوات، هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نگرانى سه‌ودا و رێككه‌وتننامه‌كه‌ دان به‌ودا ده‌نێین كه‌ ئه‌و رێككه‌وننامه‌یه‌ نموونه‌یى نه‌بوو به‌ڵام كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا واته‌ شكستى رێككه‌وتننامه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى  كۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ پیتاندنى یۆرانیۆم كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنان و خاوه‌ندارێتى چه‌كى ئه‌تۆمى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.

نه‌یارانى رێككه‌وتننامه‌كه‌ش له‌ كۆشكى سپى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ به‌هه‌ند وه‌رناگرن و له‌و بڕوایه‌دان رێگاچاره‌ى سه‌ربازیى رێگه‌ و ئه‌گه‌رێكى به‌رده‌سته‌ بۆ وه‌ستاندنى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى ئێران، ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌نگاوه‌یه‌ كه‌ هه‌موان لێیده‌ترسن كه‌ پریشكه‌كه‌ى ببێته‌ شه‌ڕێك هه‌موو ناوچه‌كه‌ بگرێته‌وه‌ و ئه‌مریكاش ئه‌وكات ده‌بێت به‌ هێز به‌ر به‌ به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى كۆمارى ئیسلامى بگرێت و ئه‌وه‌شى تائێستا دیاره‌ له‌وه‌ ناچێت كاربه‌ده‌ستانى ئێران به‌ هێزى نه‌رم، واته‌ سزاو گه‌مارۆ، بچنه‌ ژێربارى داخوازییه‌كانى ئیداره‌ى تره‌مپ-ه‌وه‌.

به‌ره‌و ئاڵۆزى و بارگاویبوونى ناوچه‌كه‌ به‌ جه‌نگ

1ـ پۆلینكردنى سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى ئێران به‌ تیرۆریست له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، بۆ هه‌موان ئاشكرایه‌ پاسداران بڕبڕه‌ى پشتى رژێمى كۆمارى ئیسلامى  ئێرانه‌ و رۆڵ و كاریگه‌رییه‌كى فره‌ گرنگ و دیارى هه‌یه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانى سیاسى و ئابوورى و ئیقلیمى و.. تد.

2ـ كۆتاییهێنان به‌و هه‌موو بووردن و چاوپۆشییانه‌ى كه‌ به‌ هه‌شت وڵاتى به‌خشیبوو دواى ئه‌كتیفكردنه‌وه‌ى سزاكان بۆ سه‌ر ئێران، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكى ترى قورسه‌ بۆ ئێران و سه‌ره‌تاى ئیفلیجكردنى ئابوورسى ئێرانه‌ كه‌ ده‌خوازن راده‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى ئێران بگه‌یه‌ننه‌ سفر له‌ كاتێكدا 80%ى داهاتى ئێران له‌ سه‌ر نه‌وته‌.

3ـ ره‌وانه‌كردنى كه‌شتیگه‌ل و فڕۆكه‌هه‌ڵگرى (ئه‌براهه‌م لینكۆڵن) و فڕۆكه‌ بۆمبهاوێژه‌ زه‌به‌لاحه‌كان (B52) بۆ ناوچه‌ى كه‌نداو و رۆژهه‌ڵاتى ناوین، هه‌موو ئه‌مانه‌ مه‌سجى روون و ئاشكران، تێچووى ئه‌مانه‌ قورسن به‌ تایبه‌تى بۆ سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ پاشخانێكى بزنسى هه‌یه‌ و هه‌موو شتێك به‌ بیرى قازانج و زیان لێكده‌داته‌وه‌ و له‌وه‌ناچێت هیچ هه‌نگاوێك به‌خۆڕایى و بێ ئامانج و ئاكام بنێت.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئێران چ ده‌كات؟

ئه‌وه‌ى تائێستا له‌ ئێران به‌دیده‌كرێت له‌ سه‌رئاستى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ى ره‌هبه‌رى كه‌ خودى ئایه‌توڵـڵا عه‌لى خامنه‌ئى خاوه‌نى دوا بڕیاره‌ تێیدا، نه‌چوونه‌ته‌ ژێر بارى هیچ یه‌كێك له‌و هه‌ڕه‌شه‌ و سزا توندانه‌ى كه‌ وه‌كو تره‌مپ ده‌ڵێت"تائێستا له‌وێنه‌ى نه‌بووه‌ له‌ جیهاندا بۆ توندى و قوورسى"، به‌ڵكو هه‌ڵوێسته‌كانی ئێران ره‌قتر و توندتر بوون و سه‌رۆكى ئێران حه‌سه‌ن رۆحانى وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌ به‌شداربووه‌كانى رێككه‌وتننامه‌كه‌ى ئاگاداركرده‌وه‌ و مۆڵه‌تى شه‌ست رۆژى پێدان ئه‌گه‌ر پاند نه‌بن به‌ ئیلتیزامه‌كانیان بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى ئه‌وا دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌ستده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ پیتاندنى یۆرانیۆم.

له‌كاتێكدا به‌ بۆچوونى من و زۆرێكى تر له‌ چاودێرانى دۆخى ناوچه‌كه‌، زۆر ئه‌سته‌مه‌ له‌و ماوه‌ كورته‌دا بتوانرێت هیچ هه‌نگاوێك به‌و ئاڕاسته‌دا بنرێت.

سه‌ره‌تاى گرژى 

هه‌ر دواى ئه‌و بڕیاره‌ى ئێران چوار كه‌شتى نه‌وتهه‌ڵگرى ئیماراتى له‌ كه‌نداوى عوممان كه‌وتنه‌ به‌ر هێرش و په‌لامارى تێكده‌رانه‌ و دواى ئه‌وه‌ش دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌، كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ئه‌و وڵاته‌وه‌ نه‌وت بۆ رۆژئاواى ده‌گوێزنه‌وه‌، كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان و ئاشكرایه‌ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن حوسیه‌كانى یه‌مه‌ن-ه‌وه‌ ئه‌نجامدرا. به‌ڵام  كرده‌وه‌كه‌ى ترى په‌لامارى كه‌شتییه‌كان تائێستا ئێران سه‌ركۆنه‌ى ده‌كات و به‌كارى ئاژه‌وه‌گێڕیى ناوى ده‌بات و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن بۆ دیاریكردنى ئه‌نجامده‌رانى.

له‌كۆتاییدا ده‌بێت بپرسین: له‌ ئاوا بارودۆخێكى بارگاوى و پڕ ململانێى پڕ له‌ گومان و نه‌بوونى متمانه‌ و ده‌ستوه‌ردان و به‌رژه‌وه‌ندیى جیاواز و ناكۆكیى ئتنیكى و تائیفى، ده‌بێت  چاوه‌ڕوانى چى بین؟.. هیوادارم هه‌ڵه‌ بم.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure